رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانیی کورد کە یەکێکیان خەڵکی کرماشان و ئەوی دیکەیان خەڵکی خۆراسانی باکوورە، لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، برزۆ رەزایی، هاونیشتمانیی کورد و خەڵکی کرماشان، یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی زستانی رابردوو، کە ئێستا لە گرتووخانەی فەشافوویەی تاران راگیراوە و لەلایەن دادگەی شۆڕشی تارانەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دادگەییکردنی برزۆ رەزایی لە لقی 23ی دادگەی شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر قازی تەقیزادە بەڕێوەچووە، بە تۆمەتی "هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە. ئاژانسی (هرانا)ش رایدەگەیێنێت، دانیشتنی دادگەییەکە 2 مانگ لەمەوبەر بووە، بەڵام بڕیارەکە بەم دواییانە بە پارێزەرەکەی راگەیێندراوە.
هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە کە هادی عەباسییان، هاونیشتمانیی کوردی تەمەن 38 ساڵ و دانیشتووی شاری شیروان لە خۆراسانی باکوور، لەلایەن دادگەی شۆڕش لە بۆجنورد سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە 13ی ئایاری 2026دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
رێکخراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتمانییە پەیوەندی بە پشتگیریکردنی لە خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، بەڵام ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
دوای خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردوو و جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکاییـەکان و ئیسرائیل، رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانیی نێودەوڵەتی. لە 30ی ئەیلوولی 2026دا، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا 46 وڵاتی جیهان زیادبوونی سزای لەسێدارەدانیان لە ئێران سەرکۆنە کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا لانیکەم 590 کەسی لەسێدارە داوە کە 22ـیان ژنن و سەدان کەسی دیکەش لە ژێر مەترسیی جێبەجێکردنی ئەم سزایەدان و چیدیکە بێدەنگی بەرامبەر ئەم دۆخە دادی کەس نادات.



