مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداریی نوێ ئاراستەی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیێنێت، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر بنکە دەرەکییەکان بەردەوام دەبن. مووسەوی، لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد، لە دیدی ئەواندا هەموو بستێکی خاکی ئێران یەکە و گوتی: "لە سیستمی لێکدانەوەی ئێمەدا، خاک، هەر خاکە؛ تاران تاوەکو باشوور هەموویان بە یەک پارچە بۆ ئێران هەژمار دەکرێن." فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئێران، جەختی لەوەش کردەوە، "هێرشە کاریگەر و ئاراستەکراوەکانمان لە سەرتاسەری ئێرانەوە بۆ سەر دووژمن بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەی ئارامی بۆ کەناراوەکانی باشوور و تەنگەی هورمز دەگەڕێتەوە." پێش ئەم راگەیێندراوەی مووسەوی، هەر ئەمڕۆ هەینی، 17ی تەمموزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شەوی رابردوودا، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە شەپۆلی 16ی ئۆپەراسیۆنی نەسری 2دا، هێرشێکی قورس و لەناکاویان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە عودێدی قەتەر. سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکایان لێیە و دەڵێت: "بەزاندنی هێڵە سوورەکان و هێرشکردنە سەر خەڵک و ژێرخانە مەدەنییەکان، باجێکی زۆر قورسی دەبێت؛ ئەگەر دوژمن لەسەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، وەڵامی تێکشکێنەرتر بەڕێوەن، بە جۆڕیک کە لە مێژووی جەنگەکاندا بمێننەوە." پێشتر، سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند راگەیێندراوی جیاوازدا رایگەیاندبوو، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکان لە ناوچەکانی باشووری ئێران، بنکەکان و شوێنی جێگیربوونی هێزەکان، مووشەکەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لە کوێت و ئوردن کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران هەروەها ئاماژە بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، کە وەک 'هێزەکانی دژە شۆڕش' ناوی بردوون."