رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران دوای گەشتەکەی بۆ قەتەر و دیدار لەگەڵ میری ئەو وڵاتە رایگەیاند، پەیام و پێشنیازەکانی میری قەتەر سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە دەگەیێنێتە تاران.
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران ئێوارەی سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، دوای دیدارەکەی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی گوتی: "گفتوگۆیەکی باش و بنیاتنەرانەمان لەگەڵ میری قەتەر سەبارەت بە بابەتە جێی بایەخەکانی هەردوو وڵات هەبوو. لەم دیدارەدا، ئەو پەیام و بابەتانەی کە بەڕێز پزیشکیان، سەرۆککۆمار، جەختی لەسەر هێنانەئارایان کردبووەوە، خستمانەڕوو کە لەلایەن میری قەتەرەوە پێشوازییان لێکرا."
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران، میری قەتەر چەند پێشنازێکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە خستووەتەڕوو کە دوای گەڕانەوەی بۆ تاران، دەیانگەێنێتە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران.
ئەسکەندەر موئمینی گوتی: "میری قەتەر بابەتگەلێکی هێنایە ئاراوە کە بڕیار وایە دوای گەڕانەوەم، سەرۆککۆماریان لێ ئاگادار بکەمەوە. هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، را و پێشنیازگەلێک خرانەڕوو، کە ئەوانیش لە تاران پێشکەشی سەرۆککۆمار دەکەم."
موئمینی، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و قەتەری بە "باش، برایانە و بنیاتنەرانە" ناوزەند کرد.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی قەتەری رایگەیاند، ئێران و ئەمریکا هێشتا لە دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان بەردەوامن.
ئیبراهیم هاشمی، لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە دانوستاندنەکان بەردەوامن و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان لایەنە جیاوازەکانیشدا لە رێگەی قەتەر و هاوبەشە هەرێمییەکانییەوە بەردەوامە." جەختیشی کردەوە، لە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا، نیگەرانییەکانی لایەنە جیاوازەکان لەبەرچاو دەگرێت.
ئەو بەرپرسە قەتەرییە گوتیشی: "وەک دەزانن، رەهەندەکانی ئەم ململانێیە و ئەو باجە قورسەی کە تەواوی جیهان ئێستا دەیدات، ئەوە دەخوازێت کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بدەین بۆ کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بەم دۆخە لە رێگەی چارەسەرێکی گفتوگۆیی و لەسەر مێزی دانوستاندنەکان."
دەوحە لە هەفتەکانی رابردوودا بووەتە نێوەندگیری سەرەکی لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا. واشنتن و تاران، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە دوای شەڕی 40 رۆژە و چەند خولێکی دانوستاندن، هێشتا لەسەر کردنەوەی تەنگەی هورمز و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ناکۆکییان هەیە.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، تاوکو ئەو کاتەی ئەمریکا "حەوت مەرجەکەی ئێران قبووڵ نەکات، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە واشنتن رایگەیاندووە، ئێران کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەنگەکەدا لەدەستداوە و جەخت لەسەر نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکاتەوە.



