رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی شەپۆلی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە، تاوەکو ئێستا 38 کەس کوژراون و زیاتر لە 400 کەس بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026، حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە سەرەتای شەپۆلی نوێی هێرشەکانەوە تاوەکو کاژێر 06:30ی رۆژی هەینی، 17ی تەمموز، 38 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا کوژراون، کە لە نێویاندا 3 ژن و گەنجێکی خوار تەمەن 18 ساڵیش هەن.
حوسێن کرمانپوور گوتی، بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 400 کەسیش بریندار بوون، کە 47یان لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن. بە گوتەی کرمانپوور، 22 کەس لە بریندارەکان ژنن، هەروەها 9 لە بریندارەکان تەمەنیان لە خوار 18ساڵیدایە.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کاتێکدایە، کە پارێزگاریی هورمزگان لە باشووری ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی شەش پردی ستراتیژی لەو پارێزگایە، 7 کەس کوژراون و 9 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ماوەی هەفتەیەکە ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکان و ژێرخانەکانی ئێران لە چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە، لەوانەش: هورمزگان، بووشەهر، ئیسفەهان، مەرکەزی، هەمەدان، سمنان، سیستان و بەلووچستان و خوزستان، هەروەها پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
شەوی رابردووش تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەتایبەت پارێزگا کەناراوییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمریکا دەیان ئامانجی سەربازیی ئێرانی پێکاوە، لەوانەش؛ پێگەکانی چاودێری و راداری کەناراوەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی، تواناکانی هێزی دەریایی ئێران و لاوازکردنی تواناکانی ئێران.



.jpg&w=3840&q=75)