رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، "بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان لەلایەن ئەمریکاوە"، تاران جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی رادەگرێت و دەشڵێت: "هێزە چەکدارەکانمان بە تواناوە وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەنەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-07-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران رایگەیاند: "لێکتێگەیشتننامە کۆمەڵێک بەڵێنی دوولایەنەیە؛ لە ئەگەری پێشێلکردن لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە، ئێمەش لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان خۆدەپارێزین. ئەمە بنەمایەکە و لە داهاتووشدا هەر ئەم رێچکەیە پەیڕەو دەکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە پرەنسیپی مامەڵەی هاوشێوە کردەوە و گوتی: "بەڵێن بەرامبەر بەڵێن بەو مانایەیە کە ئێمە تاوەکو ئەو کاتە بەڵێنەکانمان جێبەجێ دەکەین کە لایەنی بەرامبەر پێیانەوە پابەند بێت. لایەنی بەرامبەر هەر لە سەرەتای بەندی یەکەمەوە دەستی بە بەڵێن شکاندن کردووە، بۆیە ئێمەش لە هەر شوێنێک پێویست بووبێت، لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان خۆمان بەدوور گرتووە."
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران لە ئاست هێرشەکان بێدەنگ نابێت و گوتی: "لە بارودۆخێکی وەهادا دەستمان بەستراو نییە؛ هەم جەنگاوەرانی ئێمە بە هێز و توانایەکی زۆرەوە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دەدەنەوە، هەم لە بەندەکانی دیکەشدا هەنگاوی پێویست دەنرێت."
بەقایی دووپاتی کردەوە کە هیچ بەرپرسێکی وڵاتەکەی لە بەرگریکردن "دوودڵ نییە" و گوتی: "هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتە هی خەڵکی ئێرانە و باکوور و باشووری نییە؛ لە هەر شوێنێک دووژمن دەستدرێژی بکات، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ وەڵامی تووندی هێزە چەکدارەکانمان رووبەڕوو دەبێتەوە."
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکان، کۆگەکانی چەک، درۆن و مووشەک لە چەندین پارێزگای ئێران، لەوانەش: ئیسفەهان، مەرکەزی، ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هورمزگان، بووشەهر، سیستان و بەلووچستان و خوزستان.
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆش بەردەوام بوون. لە بەرامبەریشدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.
رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە "یاداشتنامەی ئیسلامئاباد" دەناسرێت واژۆ کرا، ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە، بناخەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران دانابوو، بەڵام ئەمریکا بە پاساوی پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتننامەکان دەستی بە هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە کردەوە.




.jpg&w=3840&q=75)