رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، تاوەکو حەوت مەرجەکەی وڵاتەکەی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد جێبەجێ نەکرێن، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێران ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بە تویتەکانی بەرپرسانی ئەمریکا رێک ناخات."
رۆژی یەکشەممە، 4-10-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتاری پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەماندا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ئەمریکییەکان لە بەرامبەر خۆڕاگریی گەلی ئێران دا تووشی بێچارەیی بوون و گوتی: "ئەمریکییەکان بەم دواییە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازیان خستووەتە روو؛ پێویستە تێبگەن سەردەمی بەفیڕۆدانی کات و سەپاندنی داواکاریی تاکلایەنە بەسەرچووە."
قالیباف لە بارەی هەڵوێستی تاران لە سەر تەنگەی هورمز گوتی: "هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو روونە؛ تاوەکو ئەو کاتەی حەوت مەرجەکەمان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد جێبەجێ نەکرێن، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە."
قالیباف گوتی: "دوژمن رۆژێک باسی دانوستاندن و رێککەوتن دەکات، رۆژێکی دیکە هەڕەشەی پێکدادان و وێرانکاری دەکات و رۆژی دواتریش بانگەشەی نێوەندگری دەکات. ئامانجیان دروستکردنی سەرلێشێواوییە لە بڕیاردانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام خەیاڵیان خاوە. ئێران وڵاتێک نییە سیاسەت و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بە تویت یان لێدوانی رۆژانەی بەرپرسانی ئەمریکا رێک بخات، بەڵکو کرداری راستەقینەی دوژمن دەبێتە بنەمای جووڵەکانمان."
سەبارەت بە هاوسەنگیی نێوان شەڕ و دیپلۆماسی، قالیباف گوتی: "ئێمە شەڕیش دەکەین و دانوستاندنیش. بە هەموو هێزمانەوە لە گۆڕەپانی سەربازیدا ئامادەین و ئامرازی دیپلۆماسیش بۆ چەسپاندنی باڵادەستیمان و سەپاندنی مافەکانی گەلی ئێران بەکار دەهێنین و چەندین جار گوتوومە، ئەو کەسە لە دانوستاندندا سەردەکەوێت کە خۆی بۆ شەڕ ئامادە کردبێت."
ئیسرائیل لە رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەدباقر قالیباف باسی لە دۆخی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر "شکستێکی قەرەبوونەکراو" بوون بۆ ئەو وڵاتە و گوتی: "کۆڵەکەکانی بیردۆزی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو رژێمە داڕماون و بە هیچ ئۆپەراسیۆن و بودجەیەک نۆژەن ناکرێنەوە، لای رای گشتیی جیهانیش رووڕەش بووە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "ئەو رژێمەی ساڵانێک بوو بانگەشەی هێزی رێگریی رەها و دەسەڵاتی هەواڵگریی نەبەزیوی دەکرد، ئەمڕۆ لە زەلکاوێکی پڕ لە داخوراندا چەقیوە. پێکهاتەی ناسنامەیی و ئەمنیی ئەو رژێمە داڕماوە و بە بۆردوومان و ئەنجامدانی تاوان، بناخە وێرانبووەکەی نۆژەن ناکرێتەوە. تەنانەت بەو پاڵپشتییە بێوێنەیەی ئەمریکاش نەیتوانیوە قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە و بەرەو لەنێوچوونی تەواوەتی هەنگاو دەنێت."

.jpg&w=3840&q=75)
