رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی
ئەمڕۆ شەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2026، دەنگی چەندین تەقینەوە لە دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران بیستراوە کە
سەرچاوەکەیان لە دیوی دەریاوە بووە.
بەپێی
ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی، هیچ مووشەکێک یان کردارێکی ئەمنی لە ناو وشکانیی دوورگەی قیشمدا
رووی نەداوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگی تەقینەوەکان پەیوەندیی بەو ئۆپەراسیۆنە
سەربازییانەوە هەیە کە لە نێو ئاوی کەنداو و تەنگەی هورمزدا بەڕێوە دەچن.
میدیای
ئێران دەڵێ، ئەگەری هەیە ئەم دەنگانە پەیوەندییان بە تەقەکردنی هێزە دەریاییەکانی
ئێران لەو کەشتییانەوە هەبێت کە لە تەنگەی هورمز یاساکانی هاتووچۆیان بەزاندووە.
تاوەکو
ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە تاران لەبارەی سەرچاوەی وردی دەنگەکان لێدوانی نەداوە.
ئێستا ناوچەکە لە قۆناخــێکی هەستیاردایە و گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر تەنگەی هورمز
زیادیان کردووە، کە پێویستی بە هاوئاهەنگییەکی زیاترە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی
ململانێکان.
رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی
2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی 1ی
تشرینی یەکەم، لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە تەنگەی هورمز، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی
گوێزەرەوەی نەوت.
تەنگەی هورمز، کە پێش
هێرشەکانی کۆتایی مانگی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێنجیەکی نەوت و
گازی جیهان بەنێویدا تێپەڕ دەبوو، تاوەکو ئێستا لە چەقی ململانێ و قەیرانەکاندایە.
تاران رێگری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەکات و هێرش دەکاتە سەر ئەو
کەشتییانەی کە وەک خۆی دەڵێت "بەبێ مۆڵەت" دەیانەوێت بە تەنگەکەدا تێپەڕ
بن. لە بەرامبەردا، واشنتن گەمارۆی دەریایی پێچەوانەی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران
بە مەبەستی رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
سەرەڕای ئەوەی بەئامانجگرتنی
کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز وەک خۆی بەردەوامە، بەڵام لە رۆژی 1ـی ئەیلوولەوە،
ئەمریکا هیچ هێرشێکی نوێی راستەوخۆی بۆ سەر ئامانجەکانی نێو خاکی ئێران ئەنجام نەداوە.

