رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی لە خەڵک و حکومەتی عێراق دەکات بەبۆنەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە و ئەو هەنگاوەش بە "زۆر گرنگ و پێویست" بۆ چەسپاندنی سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق ناودەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوای زیاتر لە دوو دەیە لە "ئامادەبوونی کارەساتبارانەی سەربازی لە عێراق"، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواو بۆ ئەو وڵاتە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستپێکی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق لە 20ـی ئاداری 2003ـەوە بە پاساوی "چەکی کۆمەڵکوژ" بوو، بەڵام وەک تاران دەڵێت: "ئەنجامەکەیشی کوشتنی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی بوو، لەنێویاندا دەیان هەزار ژن و منداڵی بێتاوان. هاوکات ئەو بوونە سەربازییە سەتان ملیار دۆلار زیانی مادی بە ژێرخانی ئەمنی، ئابووری و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق گەیاندووە." وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بە "تاوانەکانی جەنگ" و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان لە زیندانی ئەبوغرێب کردووە و دەڵێت، ئامادەبوونی ئەمریکا "بووەتە هۆی رەخساندنی زەوینە بۆ سەرهەڵدانی تیرۆریزمی تەکفیری و داعش لە عێراق و ناوچەکەدا." تاران وێڕای دەستخۆشی لە "خۆڕاگریی گەلی عێراق لە بەرامبەر داگیرکاری، تیرۆریزم و تائیفەگەری"، دەڵێ، ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا "جگە لە پەرەپێدانی تووندوتیژی، نائارامی و دووبەرەکی، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە." وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە پێویستیی "لێپرسینەوە لە حکومەتی ئەمریکا و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان" دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەو کارانەی لە ماوەی بوونی لە عێراق کردوویانە. 30ی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە و ئەمەش دوای 12 ساڵ لە راهێنان بە هێزە ئەمنییەکان و بەشداریکردن لە شەڕی داعش.