رووداو دیجیتاڵ
بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای خوزستان لە ئێران رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر دوورگەی هنگام.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-07-2026، بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای خوزستان رایگەیاند "کەمێک بەر لە ئێستا ئەمریکا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر دوورگەی هنگام، بەڵام تائێستا زانیاریی ورد لەسەر قەبارەی زیانەکان لەبەردەستدا نییە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە."
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە فەرمی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستی لەگەڵ تاران راگەیاند. ترەمپ ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران"ـی پێشێل کردووە.
لای خۆشییەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی توانای تارانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان.
هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر سەرجەم ئەو کەشتییانەی بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێیانەوە دێن. گەمارۆکە لە رۆژی سێشەممەوە (14-07-2026) چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، ئاسایشی وزەی لە جیهاندا خستووەتە مەترسییەوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی سووتەمەنی. ئێستا واشنتن و تاران لە ململانێیەکی سەربازیی قورسدان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز.




.jpg&w=3840&q=75)