رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، خولێکی دیکەی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانیان بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران و نزیک تەنگەی هورمز ئەنجامدا.
رۆژی سێشەممە، 14ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کاژێر 10:00ی شەو بە کاتی واشنتن (کە دەکاتە کاژێر 05:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر)، کۆتاییان بە شەپۆلێکی نوێی بۆردوومانکردنی پێگە سەربازییەکانی ئێران هێناوە. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکان بۆ ماوەی 7 کاژێر بەردەوام بوون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، فڕۆکە جەنگییەکان، درۆنەکان و کەشتییەکانی ئەمریکا دەیان ئامانجیان لە کەناراوەکانی ئێران و نزیک تەنگەی هورمز پێکاوە. ئامانجەکان پێکهاتبوون لە بنکەکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، تواناکانی هێزی دەریایی و سیستمەکانی بەرگریی کەناراوەکان.
سێنتکۆم دەڵێت، ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی توانای تارانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان.
ئەم هێرشانە لە هەمان رۆژدا ئەنجامدراون کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی دەریاییان لەسەر هەموو ئەو کەشتییانە دەستپێکردەوە کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێیانەوە دێن. گەمارۆکە رۆژی سێشەممە کاژێر 16:00ی دوانیوەڕۆ بە کاتی واشنتن (کاژێر 23:00ی شەو بە کاتی هەولێر) جێبەجێکرا. سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی سەرۆکی وڵات.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە فەرمی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستی لەگەڵ تاران راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێرانی بە پێشێلکردنی رێککەوتنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران تۆمەتبار کرد.
جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، ئاسایشی وزەی لە جیهاندا خستووەتە مەترسییەوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی سووتەمەنی، لە کاتێکدا تاران و واشنتن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز لە ململانێیەکی سەربازیی قورسدان.


