رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، بە هێزەوە سەروەریی خۆیان بەسەر تەنگەکەدا جێبەجێ دەکەن و بێگانەکان "زەلیل" دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تەممووزی 2026، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند:" ئەمریکا بە دەستوەردان لە تەنگەی هورمز، ئاسایشی دابینکردنی نەوت و گازی جیهانی خستۆتە مەترسییەکی جیددی و دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت."
حوسێن موحیبی گوتی:"ئێمە بە هێز و دەسەڵاتەوە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی سەروەری و بەڕێوەبردن بەسەر تەنگەی هورمزدا و بێگانەکان و هاوپەیمانەکانیان ناچار دەکەین خۆیان تەسلیم بە ئیرادەی گەلی ئێران بکەن."
موحیبی گوتیشی: "وەک چۆن ئامانجە وەهمییەکانی سەرکردەکانی ئەمریکامان لە سەرەتای دەستدرێژییەکانیاندا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز گۆڕی، لە دەستدرێژییە نوێیەکەیاندا زیاتر لە جاران زەلیل و بێهێزیان دەکەین."
ئەوە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە باشووری ئێران، کە لە 48 کاژێری رابردوودا هێرشەکان نێوەڕاست و رۆژئاوای وڵاتەکەشیان گرتووەتەوە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەگەڕێننەوە و لەمەودوا ئەمریکا پارێزەری تەنگەی هورمزە. دەشڵێت، لەبەرامبەر ئەو ئەرکە، "دەبێت ئەمریکا بە رێژەی 20٪ لەسەر سەرجەم ئەو بارانەی دەگوازرێنەوە قەرەبوو بکرێتەوە."



.jpg&w=3840&q=75)
