رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا دەڵێ، هیچ سەربازێکیان لە ناوچەکە نەکوژراوە و بریندار نەبووە، ئەوەی میدیای ئێرانی باسی دەکات "ناڕاستە."
رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێکس بڵاویکردەوە: "پڕوپاگەندەی ئێرانی بانگەشەی ئەوە دەکات، سێ سەربازی ئەمریکی لە کوێت بەهۆی بۆردوومانی ئێرانەوە کوژرابن."
سێنتکۆم نووسی: "هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژراوە و بریندارنەبووە لە ناوچەکە."
ئەم ئێوارەیە ئێران و کوێت بۆردوومان کران.
ئێران رایگەیاند، لە باشووری وڵاتەکە دەنگی تەقینەوە لە بیستراوە. بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، دەوروبەری کاژێر 07:00ـی شەوی یەکشەممە بە کاتی تاران (06:30 بە کاتی هەولێر) دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی بەندەرعەباس، حاجی ئاباد، بەندەری لنگە و دوورگەکانی فارور و قیشم بیستراون.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز، نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە شاری بەندەرعەباس دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە کە بە گوتەی شایەتحاڵەکان، دەنگەکان لە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە بەهێزتر بوون.
فارس نیوز رایگەیاند، لە سنووری دەریایی دوورگەی قیشم کە دەکەوێتە تەنگەی هورمز، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
لەلایەکی دیکە، وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر چەند خاڵێکی سنووری و بیرە نەوتێک.
بەرگریی کوێت رایگەیاند: "سێ خاڵی سنووریی وشکانی لە باکووری وڵاتەکە رووبەڕووی هێرشێکی ترسنۆکانە بوونەوە و تەنیا زیانی مادییان لێکەوتەوە."
کوێت هەروەها رایگەیاند: "بیرە نەوتێکی سەر بە کۆمپانیای نەوتی کوێت بە درۆن کرایە ئامانج، زیانی مادی و برینداربوونی کرێکارێکی لێکەوتەوە."
هێرشەکانی ئێران و ئەمریکا لە دژی یەکدی سێیەم هێرش بوون لەم هەفتەیەدا. لە هۆکاری هێرشەکەدا ئەمریکا رایگەیاند، ئێران لە تەنگەی هورمز هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی و ئاگری لێکەوتووەتەوە.



