رووداو دیجیتاڵ
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رۆژی دووشەممە لە کاتی کۆبوونەوەی دا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن، داوای کاراکردنی ئەو رێککەوتننامەیەی کرد کە لە نێوان حکومەتەکانی لوبنان و ئیسرائیل دا واژۆ کراوە.
هەردوو وڵات لە 26ـی حوزەیراندا، دوای پێنج گەڕی دانوستاندنی راستەوخۆ بە چاودێریی ئەمریکا، رێککەوتنێکی چوارچێوەیان واژۆ کرد کە تێیدا جەخت لەسەر چەکداماڵینی حیزبوڵڵا و کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە باشووری لوبنان داگیری کردوون کرابووەوە، هاوکات لەگەڵ بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە چەند ناوچەیەکدا.
بەپێی ئەو رێککەوتنە، لە مانگی تەممووزدا سوپای لوبنان لە شارۆچکەی زەوتەر غەربیە بڵاوەی پێکرا دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری، هەروەها ئامادەیی خۆی لە شارۆچکەکانی سەریفا و فەروون بەهێز کرد، بەڵام لەو کاتەوە لەسەر هیچ ناوچەیەکی نوێ رێکنەکەوتوون.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، نەواف سەلام جەختی لەسەر جێبەجێکردنی قۆناخ بە قۆناخی رێککەوتننامەکە کردەوە، بە جۆرێک ببێتە هۆی گێڕانەوەی تەواوەتیی سەروەری بۆ لوبنان، بەدیهێنانی کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لە خاکی وڵاتەکە و کۆکردنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا.
سەرۆکوەزیرانی لوبنان هەروەها جەختی لەسەر "گرنگیی دانانی خشتەیەکی کاتیی روون بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان" کردەوە، بە شێوەیەک کشانەوەی ئیسرائیل مسۆگەر بکات.
ئەم ئاستەنگییانەی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە کاتێکدا دێن کە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ مانگی تشرینی یەکەم دواخرا، دوای ئەوەی بڕیاربوو لە مانگی ئەیلوول دا بەڕێوەبچێت.
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 28ـی شوبات بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و لە سەرەتای مانگی ئاداریشدا پەلی کێشا بۆ لوبنان، کاتێک حیزبوڵڵا مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد وەک تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. سوپای ئیسرائیلیش بە هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی و لەشکرکێشیی زەوینی بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان وەڵامی دایەوە.
هەرچەندە ئاستی تووندوتیژییەکان لە مانگی حوزەیران دا دوای لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران و واژۆکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل کەمبووەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرش بۆ سەر باشووری لوبنان و تەقاندنەوەی باڵەخانەکان لەو شارۆچکانەی کە داگیری کردوون.
لە لایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵا دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و رادەستکردنی چەکەکانی بە تەواوی رەتدەکاتەوە. نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی یەکشەممە گوتی: "تەواوی ئەو گوشارانەی لەسەر لوبنانن بە ئامانجی بەدیهێنانی ئەو شتانەیە کە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵدا نەیتوانی بەدەستیان بهێنێت... دەیانەوێت سوپای لوبنان چەکی حیزبوڵڵا دابماڵێت." قاسم گوتیشی ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ حکومەت لەسەر دۆسیەی چەک، بەڵام گوتی: "سەرەتا باشوور رزگار بکەن و با خەڵکەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان."
پێشتریش لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا، میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان سەردانی شارۆچکەی زەوتەر غەربیەی کرد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی مەیدانی و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە پێشکەوتن و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەو ناوچەیەدا.



