رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی پاکستان گوتی، وڵاتەکەی بە "هەموو ئامرازێکی بەردەست" بەرگری لە سعودیە دەکات لە دژی هێرشی حووسییەکان و گوتیشی، هەر لایەنێک دووژمنی سعودیە بێت دووژمنی پاکستانیشە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەرسێ وڵاتی سعودیە، پاکستان و تورکیا رێککەوتنێکی نوێی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کردووە.
رۆژی سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، خەواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گوتی: "سەبارەت بە حووسییەکان، بەهیچ شێوەیەک گومانمان نییە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر سعودیە و ئێمەش بۆ یارمەتیدانی سعودیە ئامادەین."
وەزیری بەرگریی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، پابەندن بە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش بۆ پاراستنی سعودیە و گوتی: "ئەمە بەو واتایە دێت کە هەر ئامرازێک لەبەردەستماندا بێت، بۆ سعودیەش بەردەست دەبێت." گوتیشی، هەر ململانێیەک یان هەڕەشەیەک لەلایەن حووسییەکان، وڵاتان یان گرووپەکانی دیکەوە بکرێتە سەر ئاسایشی سعودیە، ئەوان بۆ بەرگریکردن ئامادە دەبن و پێداگریی لەوە کرد "هیچ گومانێک لەمەدا نییە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێزەکانی پاکستان بەشدارییان لە هێرشە ئاسمانییەکانی دژی حووسییەکان کردووە یان نا، خەواجە محەممەد ئاسف ئامادە نەبوو وردەکاری بدات و لێدوانێکی روونی لەو بارەیەوە نەدا. سەبارەت بە پەیوەندیی حووسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە بە ئێرانەوە، پێی وابوو، هەندێک لەو گرووپە بەوەکالەتانە لەژێر کۆنترۆڵ دەرچوون و وەک گرووپی سەرەڕۆ و سەربەخۆ کار دەکەن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە رۆژی 7ـی ئابی ئەم ساڵ، هەریەک لە سعودیە، پاکستان و تورکیا (رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە)ـیان واژۆ کرد، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێرشکردنە سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە هەژمار دەکرێت. ئەم هاوپەیمانییە نوێیەش سعودیەی دەوڵەمەند بە نەوت، تورکیای ئەندامی ناتۆ و پاکستانی خاوەن چەکی ئەتۆمی کۆکردووەتەوە.
وەزیری بەرگریی پاکستان پێی وابوو هۆکاری دروستکردنی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە بۆ شکستی ئەو رێککارە ئەمنییانە دەگەڕێتەوە کە پێشتر لە کەنداو هەبوون. لەو بارەیەوە روونی کردەوە: "بەهۆی شکستی ئەو رێکخستنە ئەمنییانەی کە بۆ وڵاتانی کەنداو هەبوون، وڵاتانی ناوچەکە بە پێویستیان زانی رێکخستنێکی ئەمنیی نوێ لەنێو خۆیاندا و لە چوارچێوەی جوگرافیای خۆیاندا پێکبهێنن."



