رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر کە لە دووبەیەوە بەرەو تەلئەڤیڤ دەفڕی، دوای دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی جەستەیی لە نێوان فڕۆکەوانەکانیدا، بە ناچاری ئاراستەکەی بەرەو سعودیە گۆڕدرا و لەو وڵاتە نیشتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی بەدواداچوونی گەشتە ئاسمانییەکان (Flightradar24)، فڕۆکەی گەشتی FZ1073ـی کۆمپانیای فلای دووبەی کە لە دووبەیەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوتبوو، لە ئاسمانی ئوردنەوە ئاراستەکەی بەرەو سعودیە گۆڕی، ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتا هێمای باری نائاسایی گشتی لێدابوو، پاشان چەند خولەکێک دواتر هێمایەکی دیکەی ناردبوو کە ئاماژەیە بۆ "دەستێوەردانی نایاسایی" کە هاوشێوەی هێمای رفاندنی فڕۆکەیە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکە بۆینگ 737ـەکە دووبارە هێمای باری لەناکاوی گشتی لێداوەتەوە پێش ئەوەی لە فڕۆکەخانەی شاری تەبووک لە باکووری رۆژئاوای سعودیە بنیشێتەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، باوەڕ ناکرێت رووداوەکە رفاندنی فڕۆکە بووبێت. هاوکات کۆمپانیای فلای دووبەی دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی لەسەر بابەتەکە نەداوە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، فڕۆکەوانەکان دوای ئەوەی لە نێو کابینەی فڕۆکەکەدا کەوتوونەتە شەڕەپێلاق و پێکدادانی جەستەیی لەگەڵ یەکدیدا، ئەو هۆشدارییە نائاساییانەیان ناردووە؛ بەڵام هێشتا روون نییە ئایا یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە ئەنقەست ئەو هۆشدارییەی ناردووە یان نا.
پێشتر سێ بەرپرسی ئەمنیی ئیسرائیل بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو کە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی بارودۆخی ئەم فڕۆکەیە راوێژی کردووە. سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، لەگەڵ فەرماندەی هێزی ئاسمانی و چەندین بەرپرسی دیکەی سەربازی لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخەکەیان هەڵسەنگاندووە.
کۆمپانیای فلای دووبەی رۆژانە گەشتی ئاسمانی لە نێوان دووبەی و تەلئەڤیڤ دەکات، کە رێڕەوێکی گەشتیاریی زۆر باوە لەنێو هاووڵاتییانی ئیسرائیلدا؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیلدا نییە.



