رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەردەمی رێککەوتنی یەکلایەنە کۆتایی هاتووە و هۆشداریی دەداتە لایەنی بەرامبەر، کە ئەگەر پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن، دەبێت باجەکەی بدەن.
رۆژی یەکشەممە، 12-7-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "سەردەمی رێککەوتنە یەکلایەنەکان بەسەرچوو. پێمانگوتبوون: پابەندی بەڵێن و پابەندییەکانتان بن، ئەگەرنا دەبێت باجەکەی بدەن. ئێستا کاتی ئەوەیە رووبەڕووی واقیع ببنەوە."
قالیباف لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامەدا، بەشێک لە خاڵی پێنجەمی لێکتێگەیشتننامەی 14 خاڵی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز کراوەتەوە، بەڵام بەو مەرجەی رەچاوی "رێکارە ئێرانییەکان" بکرێت.
لە خاڵی پێنجەمی لێکتێگەیشتننامەکەدا هاتووە: "دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێک بۆ ماوەی 60 رۆژ، لە کەنداوەوە بەرەو دەریای عومان و بە پێچەوانەشەوە. ئێران دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکی و سەربازییەکان لابدات و پرۆسەی راماڵینی مینەکان تەواو بکات. هەروەها تاران دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ عومان و وڵاتانی کەنداو دەکات بۆ دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەی هورمز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان."
پەیامەکەی قالیباف دوای ئەوە هات، کە ئەمریکا بۆ جاری سێیەم هێرشی کردە سەر ئێران، بە گوێرەی سێنتکۆم ئەمڕۆ یەکشەممە لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران 140 ئامانجیان پێکاوە، لە دوو هێرشەکەی رابردووش زیاتر لە 160 ئامانجیان پێکاوە.
ئێران هەر زوو وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکای دایەوە، بە گوێرەی راگەیێندراوەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران، هێزەکانیان بە درۆن و مووشەک، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن، ئوردن، قەتەر. ئیماراتیش رایگەیاند وەڵامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێرانیان داوەتەوە.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)