رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئێران ئامارێکی نوێی لەبارەی پیڕبوونی دانیشتووانی وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، گەشەی ژمارەی بەساڵاچووان لە ئێران، زیاتر لە چوار هێندەی گەشەی دانیشتووانی ئێرانە. جەواد حوسێنی، سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئێران بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەساڵاچووانەوە رایگەیاند، ئێستا 11 ملیۆن کەسی بەساڵاچوو لە ئێران دەژین کە دەکاتە 13٪ی کۆی دانیشتووانی وڵات. خێرایی گەشەی دانیشتووانی بەساڵاچوو لە ئێران 4.48٪ـە، لە کاتێکدا رێژەی گەشەی دانیشتووان تەنیا 1.24٪ـە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەو وڵاتانەی رێژەی بەساڵاچووانیان لەنێوان 7٪ بۆ 14٪ـە، لە قۆناخی چوونیانن بۆ نێو پیری. ئەگەر ئەم رێژەیە بگاتە نێوان 14٪ بۆ 21٪، ئەوا وڵاتەکە بە فەرمی وەکو وڵاتێکی پیر هەژمار دەکرێت. جەواد حوسێنی دەڵیت، ئێران لە ریزبەندی پێنج وڵاتی یەکەمی جیهاندایە لە ڕووی خێرایی پیربوونی دانیشتووانی و پێشبینی دەکرێت لەنێوان ساڵانی 2041 بۆ 2043دا ژمارەی بەساڵاچووان زیاتر بێت لە ژمارەی گەنجان. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئێران دۆخی گوزەرانی بەساڵاچووان لەو وڵاتە باش نییە و 60٪ی بەساڵاچووانی ئێران هیچ مووچەیەکی خانەنشینی یان هاوکاریی دارایی وەرناگرن. بەپێی ئامارەکان، بەساڵاچووانی سەروو 70 ساڵ بەرەو هێڵی هەژاری دەڕۆن و 9٪ی بەساڵاچووان بەدەست نەخۆشییە تایبەتەکانەوە دەناڵێنن و 50٪ی ئەو بەساڵاچووانەی لەژێر چاودێریی رێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتین، خاوەن پێداویستیی تایبەتن.
ئێران30-09-2026وەزیری رێگەوبانی ئێران: بەمزووانە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و نەجەف دەستپێدەکەنەوە