رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رێگەوبانی ئێران دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و نەجەف دەستپێدەکەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی سەپاندنی سزاکانی سەر کەرتی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی، لە رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی سکاڵایان لە دژی ئەمریکا تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-09-2026، فەرزانە سادق مالواجێرد، وەزیری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی لادانی سزاکانی سەر کەرتی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی دەدات.
بەگوتەی فەرزانە سادق، هەوڵی زۆریان داوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان نەجەف و تاران، ''هەندێک بەڵێنیشیان داوە و ئینشائەڵڵا بەمزووانە دەست بە گەشتەکان دەکرێتەوە''.
وەک وەزیری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەڵێت، بەهۆی سەپاندنی سزاکانەوە، (رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی) سکاڵایان دژی ئەمریکا تۆمار کردووە.
لە هەفتەی رابردووەوە و بەهۆی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران، چەندین فرۆکەخانەی جیاواز لە ناوچەکە و جیهاندا گەشتەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.
دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی کاتی و سنوورداری دایە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئێران. مۆڵەتەکە تەنیا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و گواستنەوەی "زیارەتکارانی ئێرانی"یە و واشنتن هۆشداری داوە کە ئەمە بە واتای هەڵگرتنی گشتیی سزاکان نییە، بەڵکو تەنیا رێگەپێدانێکی کاتییە.

