رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە قۆناغی دووەمی "ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەدا"، بنکەی ئاسمانیی عەدیدی ئەمریکایان لە قەتەر بە مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج و کەشتییەکی دیکەی "سەرپێچیکار"یشیان لە تەنگەی هورمزدا راگرتووە.
رۆژی یەکشەممە، 12-7-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی بەردەوامیی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بنکە کەناراوییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، جگە لە پێکان و راگرتنی دووەم کەشتیی لە تەنگەی هورمز، بنکەی ئاسمانیی ستراتیژیی "عەدید" لە قەتەر کراوەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو هێرشەدا کە بە مووشەکی بالیستی کراوە "ناوەندی چاککردنەوە و چاکسازیی فڕۆکە جەنگییەکان" و "ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ"ی بنکەی عەدید لە قەتەر "پێکراون و تێکشکێنراون."
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بەردەوامیی دەستدرێژییەکانیان وەڵامی کوشندەتری بەدوادا دێت. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا بە دەستەواژەی "بجەنگە تا بجەنگین"، ئاماژەیان بە ئامادەیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی زیاتر نیشان داوە.
بەر لەو راگەیێندراوە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکی دیکە رایگەیاندبوو، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری MQ9یان لە بنکەی "شازادە حەسەن" لە ئوردن "تێکشکاندووە."
هەروەها ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" بۆ سەر باشووری وڵاتەکەی، لە رێگەی درۆنەکانیانەوە سیستەمی پاتریۆت و چەند ئامانجێکی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت و بەحرەین بۆردوومان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە، کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.
ئەو هێرشانەی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران لە وەڵامی گەڕی سێیەمی هێرشەکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر چەند ئامانجێک لە شارەکانی باشووری ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم لەم هەفتەیەدا هێرشی چڕیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران و لە دوایین هێرشیشدا 140 ئامانجی جیاوازیان پێکاوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی سێنتکۆم کە رۆژی 12ی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکان لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانیی دیکە بووە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە تەنگەی هورمز. فەرماندەییەکە دەڵێت: "هێزەکانی ئەمریکا بە مووشەکی زیرەک و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتییە جەنگییەکانەوە، نزیکەی 140 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان پێکا."
سێنتکۆم لیستی ئەو شوێنانەی بڵاوکردووەتەوە کە لەم هێرشەدا "خاپوور" کراون، لەوانە، پێگەکانی مووشەک و درۆن، توانا دەریاییەکانی ئێران، کۆگاکانی تەقەمەنی و چەک، تۆڕەکانی پەیوەندی و بنکەکانی چاودێریی کەناراوەکان.
سەرەڕای گرژییەکان، سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە کە هاتووچۆی کەشتییەکان لەو رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە بەردەوامە و رایگەیاندووە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هاوکاریی تێپەڕبوونی زیاتر لە 800 کەشتیی بازرگانی و 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان کردووە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕبن.


.png&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)