رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان ئێستا سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.
یەکشەممە، 12-7-2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند، ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە بیستراون، لە ئەنجامی کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بووە بۆ تێکشکاندنی ئەو مووشەکە بالیستی، کرووز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئاسمانی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، سیستەمەکانی بەرگری لە ئامادەییدان و ئێستا رووبەڕووی ئەو "دەستدرێژییانە" دەبنەوە کە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە سەریان.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان رۆژی یەکشەممە دەستیان بە سێیەم گەڕی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم هەفتەیە بۆ سەر ئێران کردووە، دوای ئەوەی سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە تەنگەی هورمز.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمیی سێنتکۆم، ئەم بڕیارە خێرایە دوای ئەوە هات، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاشکرا هێرشیان کردە سەر کەشتیی بارهەڵگری (M/V GFS Galaxy) کە هەڵگری ئاڵای قوبرسە و بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ دەبوو.
بەهۆی ئەم هێرشەوە، کارمەندێکی سڤیلی تیمی کەشتییەکە بێسەروشوێن بووە و کەشتییەکەش بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر تێیدا و زیانی گەورە بە ژووری مەکینەکەی، چیدی ناتوانێت گەشتەکەی بەردەوام بکات.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئێران بەرپرسیار کرابوو لە هێرشەکانی پێشووی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، دەرفەتێکی دیکەی پێدرا بۆ نیشاندانی پابەندبوونی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، بەڵام تاران جارێکی دیکە لە جێبەجێکردنیدا شکستی هێنا.
سێنتکۆم دەڵێت، لە بەرامبەردا، ئەمریکا باجێکی قورس بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت لە رێگەی بەردەوامبوون لە لاوازکردنی تواناکانی ئەو وڵاتە لە هێرشکردنە سەر دەریاوانانی سڤیل و کەشتییە بازرگانییەکان کە بە تەنگەکەدا بە ئازادی تێپەڕ دەبن.
بە گوێرەی سێنتکۆم ئەم هێرشە ئاسمانییە نوێیانە بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا) کراون.


.png&w=3840&q=75)