رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران کوژرانی دوو ئەندامی خۆی لە شەوی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە مەشهەد پشتڕاست کردەوە.
رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوو ئەندامی سوپا کە لە ئەرکدا بوون لە مەیدانی سەرفرازی مەشهەد، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژراون.
سوپای پاسداران دەڵێت: "سەجاد عەلەوی و مەهدی هونەرمەند، دوو ئەندامی بەسیج بوون" کە لە رووداوەکە کوژراون.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رووداوەکەدا کەسێکی سڤیل لە شوێنەکە بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
رووداوەکە ئێوارەی پێنجشەممە، 9ـی تەممووز لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران روویداوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، هەر ئەو شەوە پارێزگاری خۆراسانی رەزەوی رووداوەکەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام میدیاکانی سوپای پاسداران ئەوکات رایانگەیاند، ئەو رووداوە کێشەیەکی کەسی بووە و ئەوانەی کوژراون پاسدار و بەسیج نەبوون و نەیارانی کۆماری ئیسلامی شتی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، بۆ تێکدانی رێوڕەسمەکە.
دوای دوو رۆژ، سوپای پاسداران بەفەرمی پشتڕاستی دەکاتەوە، کە لەو شەوەدا ئەو رووداوە لە دووریی 15 کیلۆمەتر لە مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد روویداوە و تەقە لە ژمارەیەک ئەندامی بەسیجی سوپای پاسداران کراوە، کە پاسەوانیی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی خامنەییان دەکرد.



.jpg&w=3840&q=75)
