رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران جەخت لە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە دەکاتەوە و دەڵێ: "لە ئەگەری هەر چەشنە دەستدرێژییەکی دووژمن، وەڵامێکی تووندتری دەدرێتەوە." رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران، سەبارەت بە وەڵامی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ هەڕەشەکانی بنیامین نەتەنیاهوو و دۆناڵد ترەمپ گوتی: "بە دڵنیاییەوە چەندین جار رامانگەیاندووە کە لە ئامادەیی تەواوداین." گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران گوتی: "سوودمان لە دەرفەتی ئاگربەست وەرگرتووە بۆ بەرزکردنەوەی توانای جەنگیمان. ئەگەر دووژمن دەست بۆ هێرش و دەستدرێژی ببات، بێگومان وەڵامێکی زۆر تووندتر و پەشیمانکەرەوەتری دەدرێتەوە." رۆژی 4ـی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاند، ئێرانییەکان "بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەپاڕێنەوە،" بەڵام گوتی، هەردوولا بڕیاریان داوە بۆ هەفتەیەک پشوو لە گفتوگۆکان وەربگرن تاوەکو کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی. ترەمپ گوتی: "هەموو بەرپرسانی ئێران لەوێن. بە یەک هێرش دەتوانین هەموویان لەنێو ببەین، بەڵام ئەمە ناکەین، چونکە ئەو کاتە کەس نامێنێ گفتوگۆی لەگەڵ بکەین." جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستپێکرد و دوای 40 رۆژ شەڕ، لە 8ـی نیسان ئاگربەست راگەیێندرا و دواتریش دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا دەستیانپێکرد. ئەمریکا و ئێران لە 18ـی حوزەیرانی 2026 لێکتێگەیشتنێکی کاتییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرد. بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، ئاگربەست بۆ 60 رۆژ درێژ کراوەتەوە و لەو ماوەیەدا شاندەکانی هەردوو وڵات لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دانوستاندن دەکەن.
ئێران05-07-2026باڵیۆزی ئێران لە چین: وڵاتانی دۆست لە باجی تەنگەی هورمزدا مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت