رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە وەڵامی سزاکانی ئەم دواییەی بەریتانیا بۆ سەر پێنج بانکی وڵاتەکەی رایدەگەیێنێت، ئەم رێکارانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کەرتی بانکیی ئێران نابێت و هەنگاوەکەی بەریتانیاش بە "بەخشینی کۆنە حەسیر بە مزگەوت" ناو دەبات.
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، لە کاردانەوەی تووندکردنەوەی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەت بە بانکە ئێرانییەکان لە بەریتانیا رایگەیاند: "پێش بڕیارەکەی بەریتانیاش، خۆمان مەبەستمان بوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، لقی ئەو بانکە ناچالاکانەمان لە دەرەوەی وڵات سنووردار بکەین."
هیممەتی گوتیشی: "ئەم بانکانە ساڵانێکی زۆرە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هیچ مامەڵەیەکی دارایی و بانکییان لەگەڵ ئێراندا نەکردووە و بەتەواوی ناچالاکن؛ بۆیە ئەم هەنگاوەی بەریتانیا هیچ زیانێکمان پێ ناگەیێنێت و تەنیا بە واتای کۆنە حەسیر بەخشینە بە مزگەوت."
لێدوانەکەی هیممەتی دوای ئەوە دێت کە بەریتانیا، وەک پشتیوانییەک بۆ هەڵمەتی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی تاران، مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی بە بانکە ئێرانییەکان تووندتر کرد. بەرپرسانی بەریتانیا بە ئاژانسی بلومبێرگیان راگەیاندووە کە مۆڵەتی گشتیی ئێستای ئەو پێنج بانکە ئێرانییە لە مانگی داهاتوودا نوێ ناکرێتەوە و داواکارییە نوێیەکانیشیان بۆ کارکردن راستەوخۆ رەتدەکرێنەوە.
ئەو پێنج بانکە ئێرانییەی کە بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا دەیانگرێتەوە بریتین لە: بانکی سپە، بانکی میللی، بانکی سادرات، پێرشن ئینتەرنەشناڵ بانک و بانکی تیجارەت.
ئەم هەنگاوەی لەندەن لە کاتێکدایە کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە چەندین وڵاتی جیهان گوشارەکانیان بۆ سەر سیستم و تۆڕە بانکییەکانی ئێران چڕکردووەتەوە تاوەکو رێگری لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە دراوی بیانی بکەن.



