رووداو دیجیتاڵ
سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە و نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان بە بەهای 600 ملیۆن دۆلار بارکردووە، بەنێو زەریای ئەتڵەسیدا بەرەو کەناراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێخراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-9-2026، داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی دەریانخست کە سێ نەوتهەڵگرە دەستبەسەرداگیراوەکە لەنێو زەریای ئەتڵەسیدان. ماڵپەڕی پسپۆڕی تانکەرتراکەرز (TankerTrackers) لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی کەشتییەکان شوێنی مەبەستی خۆیان لە رادارەکاندا دیاری نەکردووە، بەڵام بە روونی ئاراستەیان بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
نەوتهەڵگرەکانی (ماجێستیک ئێکس و تیفانی)
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کلێپەر بۆ شیکاری دەریاوانی، هەردوو نەوتهەڵگری (ماجێستیک ئێکس) و (تیفانی) لە کەناراوەکانی باکووری بەڕازیل دەڕۆن.
کەشتیی نەوتهەڵگری (تیفانی) رۆژی 21ی نیسانی 2026، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە زەریای هیندی دەستی بەسەردا گیرا و (ماجێستیک ئێکس) یش 23ی نیسانی 2026 لە هەمان زەریادا دەستی بەسەردا گیرا.
ئەم دوو کەشتییە ئەو کات لە رادارەکانیاندا چین و سەنگاپوورەیان وەکو شوێنی مەبەست دیاریکردبوو پێش ئەوەی ئاراستەکەیان بگۆڕدرێت.
سوپەرتانکەری لینۆر و پەڕینەوە لە ئەفریقیا
سێیەمین کەشتی، سوپەرتانکەری (لینۆر)ە، رۆژی 5ی حوزەیرانی 2026 لە زەریای هیندی (لە نزیک کەناراوەکانی باشووری سریلانکا) دەستی بەسەردا گیرا.
هەرسێ نەوتهەڵگرەکە لەژێر سزاکانی ئەمریکادان بە مەبەستی سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی ئێران. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەستبەسەرداگرتنی ئەم کەشتییانەی وەکو هەوڵێک وەسف کرد بۆ پەکخستنی ئەو تۆڕانەی کە پاڵپشتیی مادیی پێشکێشی تاران دەکەن.


