رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت: عەباس عێراقچی، مۆڵەتی بۆ دانوستاندن و گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی نەبووە، بەو هۆیەشەوە شیاوی مانەوە نییە لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەدا و لە پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی ئەیلوولی 2026، عەلی خزریان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، عەباس عێراقچی بۆ دانوستاندن و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی مۆڵەتی نەبووە و "ئەم گفتوگۆیانە لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کراون."
عەلی خزریان ئەوەشی خستەڕوو نوێنەرانی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ لێپرسینەوە و سەندنەوەی متمانە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەن و گوتی: "نوێنەرانی پەرلەمان داواکاریی لێپرسینەوەیان لە بەڕێز عێراقچی تۆمار کردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن. پێویستە دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی، وەڵامێکی گونجاو و شایستە لە ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی پێشکێش بکات، تاوەکو لە پرۆسەی لێپرسینەوەکەدا روون بێتەوە کە لەسەر چ بنەمایەک دژ بەوەی ئێمە بە عەقڵانییەت و بەرژەوەندی نیشتمانیی دەزانین، ئەم کارە لەلایەن ئەو و دەزگای دیپلۆماسییەوە ئەنجام دراوە."
خزریان هەروەها گوتی: "کاتێک هێشتا مەرجەکانی (رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد) جێبەجێ نەکراون، سێبەری هەڕەشە بەردەوام لەسەر سەری گەلی ئێرانە و سەرۆکی ئەمریکاش بە قسە بێشەرمانەکانی هەڕەشەی لەناوبردن دووبارە دەکاتەوە، گفتوگۆکردن تەنیا دەتوانێت وێنەی لاوازیی ئێران لەلایەنەکەی بەرامبەردا تەواو بکات."
ئەو پەرلەمانتارەی تاران بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی یەکێک لە دیپلۆماتکارە ئێرانییەکان لە کاتی گوتاری دۆناڵد ترەمپ لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراقچی بە بەرپرسیار لەو کارە زانی و رایگەیاند: "کۆی ئەم رەفتارانە نیشانەی ئەوەن کە لەم بابەتەدا دروست رەفتاریان نەکردووە. بە سەرنجدان بەو بارودۆخە و ئەو ناپێگەیشتووییەی لە ئەدای ئەوان و دەزگای دیپلۆماسیدا بینراوە، شیاوبوونی بۆ بەردەوامبوون لەم پۆستەدا پێویستی بە پێداچوونەوەی جیدیی پەرلەمان دەبێت."
عەلی خزریان روونیکردەوە: "ئەم وێنە لاوازەی لە ئێران نیشان دراوە، سروشتییە کە دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر بڕیاری پەرلەمان سەبارەت بە بەردەوامبوونی بەڕێز عێراقچی لە پۆستی وەزیری کدەرەوەدا."
ئیبراهیم رەزایی، ئەندامێکی دیکەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رەخنە لە دیداری عێراقچی لەگەڵ ویتکۆف دەگرێ و نووسیویەتی: "مەرجەکانی ئێران بە ئەمریکا ڕاگەیێندراون و لە دیداری نایاسایی بە بیانووی مەرجەکانەوە، هیچ شتێک جگە لە نیشانەی لاوازی بەدەست نایەت."
رەزایی هەروەها گوتی: "پێویستە وەزیری دەرەوە روونکردنەوە بدات کە دیداری ئەو لەگەڵ نوێنەری دوژمنی دەستدرێژیکار لەسەر بنەمای کام مۆڵەت و داڕشتنی سیاسەتێک ئەنجام دراوە؟"
ڕۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی، سەبارەت بە دیداری شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رایگەیاند: "بڕیار درا بەڕێز عێراقچی لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ نیویۆرک، مەرجەکانی ئێران بە نێوەندگیرەکان رابگەیەنێت. ئێران پەلەی لە دانوستان نەکردووە؛ ئەمڕۆ مەرجەکانی ئێران کۆکراونەتەوە و لە بەردەستی قەتەری و پاکستانییەکاندان.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.
سەرەتا راگەیێندرا کۆبوونەوەکە راستەوخۆ بووە، بەڵام دواتر میدیای ئێران و بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، کۆبوونەوەکە ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیریی قەتەر بووە.
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران، رەخنەی توند لە دیداری وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شاندی ئەمریکی دەگرێت، بە "گاڵتەجاڕی" ناوی دەبات و داوا دەکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لێبوودن بکات.
ئاژانسی تەسنیم دەڵێت، ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە "ئەم دیدارە پێچەوانەی بەرژەوەندیی نیشتمانییە و نابێت بکرێت. داوای روونکردنەوە لە عێراقچی دەکات کە بە کام مۆڵەت ئەو دیدارەی کردووە؟"
لە راپۆرتەکەی تەسنیم-دا هاتووە، "کاتێک ئەمریکا هەموو رێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لە ژێر گوشاردا ئێران خۆی رادەست بکات، دیداری لەم چەشنە دیارییەکی گەورەیە کە پێشکێشی ئەمریکا دەکرێت، لانیکەم لەم بارەوە دەبێت عەباس عێراقچی داوای لێبووردن بکات."



