رووداو دیجیتاڵ
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران، رایدەگەیێنێت کە جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە. قالیباف بە پێداگرتن لەسەر تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران گوتی: ئێمە لەگەڵ ئەمریکا ئاشتیمان نییە و دان بە ئیسرائیل دا نانێین.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، محەممەدباقر قالیباف لە کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ محەممەد دەروێش، سەرۆکی ئەنجوومەنی رێبەرایەتیی بزووتنەوەی حەماس و محەممەد فەنیش، بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا لە تاران، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم لێکتێگەیشتننامەیە ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە دانوستاندن لەپێناو دانوستاندن کردەوە و رایگەیاند: دیپلۆماسی دەبێت بتوانێت گرێکوێرەی سەربازی بکاتەوە و دەستکەوتەکانی هێزە چەکدارەکان بپارێزێت؛ ئەمەش ئەو کاتە بەدی دێت کە وڵات لە پاڵ دیپلۆماسیدا، ئامادەی بەرگری بێت.
قالیباف بە پێداگرتن لەسەر خوێنبایی شەهیدکردنی رێبەرەکەیان گوتی: تۆڵەی خوێنی رێبەری شەهیدمان، ئازادکردنی قودسە. ئەو دووپاتی کردەوە کە ئێران بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی بەرەی مقاوەمە و ئاماژەی بەوە کرد: ئەم یارمەتییە ئەگەر پێویست بێت بە مووشەکە و ئەگەر پێویستیش بە گوشاری سیاسی بێت، لە رێگەی دانوستاندنەوە دەبێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونی کردەوە: بە لایەنی ئەمریکاییمان راگەیاندووە کە دەبێت پاراستنی خاک و سنووری وڵاتانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕی دژ بە هاوپەیمانەکانی ئێران، ببێتە بەشێک لە لێکتێگەیشتنەکە. ئەو داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد هاوئاهەنگییەکانی نێوان خۆیان پەرە پێ بدەن و گوتی: وڵاتانی ناوچەکە ئێستا دەزانن کە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایشیان بۆ ناهێنێت.
قالیباف، لوبنانی وەک هێڵی سووری ئێران ناو برد و گوتی: بە سەرنجدان بەوەی کە ئەمریکا هەمیشە جێی متمانە نییە، ئێمە هێڵە بنەڕەتییەکانی خۆمان پاراستووە. پێش واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە، پێداگر بووین کە پرەنسیپی راگرتنی شەڕی دژ بە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناو دەقەکە دا جێگیر بکرێت.
لە رۆژی شەممەوە، رێوڕەسمەکانی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی بەڕێوەدەچن کە بڕیارە پێنجشەممە، 9ـی تەممووز لە شاری مەشهەد بە خاک بسپێردرێت.
جێی ئاماژەیە، ئەمریکا و ئێران لە 18ـی حوزەیرانی 2026 دا لێکتێگەیشتنێکی کاتییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرد. بەپێی دەقەکە، ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ درێژ کراوەتەوە تاوەکو گفتوگۆکان بگەنە لووتکەی ئەنجامەکان و چیدیکە خوێن نەرژێت.


.jpg&w=3840&q=75)
