رووداو دیجیتاڵ
دۆستایەتییە بەهێزەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەگەڵ پێویستیی وڵاتانی رۆژئاوا بە بەرهەمهێنانی چەک، شێوازی مامەڵەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی بەرامبەر بە تورکیا بە تەواوی گۆڕیوە؛ ئەنقەرە کە پێشتر بە گومانەوە سەیری دەکرا، ئێستا خۆی بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی مێژوویی ئامادە دەکات.
بۆ چەندین ساڵ، هاوپەیمانەکانی ناتۆ بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسی، هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و رێگریکردن لە ئەندامێتیی سوێد، بە چاوێکی پڕ لە گومانەوە سەیری تورکیایان دەکرد. بەڵام ئێستا و لە لێواری بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە لە هەفتەی داهاتوودا، هەموو ئاماژەکان لە بەرژەوەندیی رەجەب تەیب ئەردۆغانن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شانازییەوە باسی دۆستایەتیی خۆی و هاوتا تورکەکەی دەکات و دەڵێ، تەنیا لەبەر خاتری ئەردۆغان بەشداری لە لووتکەی ئەم ساڵدا دەکات. ئەمەش نوێترین نیشانەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و هاوتا ئەورووپییەکانیەتی.
هاوکات، بەرپرسە ئەورووپییەکان کە هەوڵی نیشاندانی یەکگرتوویی دەدەن، زۆربەیان ستایشی پیشەسازیی چەکی تورکیا دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەورووپا بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا خەریکی پڕچەککردنەوەی خۆیەتی.
ئەنقەرە؛ ناوەندی دیپلۆماسیی جیهانی
کۆبوونەوەکەی پایتەختی تورکیا، کە سەرکردەکانی 32 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ کۆدەکاتەوە، دەبێتە بەڵگەیەک بۆ ئەم هەڵوێستە نوێ و دۆستانەیە. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی پارتی داد و گەشەپێداندا گوتی: "ناوبانگی نێودەوڵەتیی ئەنقەرە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەرزدەبێتەوە و پایتەختەکەمان وەک ناوەندێکی دیپلۆماسیی جیهانی دەناسرێت."
تەنیا ئامادەبوونی ترەمپ لەم لووتکەیەدا، ئەو پەیامەی ئەنقەرە بەهێزتر دەکات کە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ نەهێشتنی دووبەرەکییەکانی نێو ناتۆ. تورکیا کە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆی هەیە و کۆنتڕۆڵی ستراتیژیی تەنگەی بۆسفۆری لەدەستە، لە لووتکەیەکدا کە پرسی بەرهەمهێنانی چەک زاڵە بەسەریدا، توانای سەربازیی خۆی پێشان دەدات.
بەرپرسانی ناتۆ هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ سەرکەوتنی ئەم کۆبوونەوەیە؛ تورکیا فڕۆکەخانە و تۆرەکانی رێگەوبانی شارەکەی فراوان کردووە.
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، گەشتی واشنتنی کرد بۆ ئەوەی بە قسەی خۆش دڵی ترەمپ رابگرێت؛ تەنانەت رووتە چارتێکی بۆ ژووری هێلکەیی کۆشکی سپی بردبوو بە ناوی "تریلیۆنەکەی ترەمپ" تاوەکو دەستخۆشی لە سەرۆکی ئەمریکا بکات بۆ گوشارەکانی سەر وڵاتانی ئەورووپا بە مەبەستی زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانیان.
ململانێی ئێران
رێککەوتنی واشنتن لەگەڵ تاران یارمەتیدەر بوو بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و سەرکردە ئەورووپاییەکان، کە پێشتر دوودڵ بوون لە چوونە ناو جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران. بەڵام رێککەوتنی ئێران هێشتا لەرزۆکە و ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە سەرزەنشتکردنی هاوپەیمانە ئەورووپاییەکان لەبارەی کەمخەرجییان لە کەرتی سەربازیدا.
ئێف 35 و بزوێنەری فڕۆکە؛ دیارییەکانی ترەمپ بۆ ئەردۆغان
یەکێکی دیکە لە دەستکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی ئەنقەرە، ئاماژەکانی ترەمپە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆنی فڕۆکە ئێف 35ـەکان. ئەمریکا فرۆشتنی ئەو فڕۆکانەی بە تورکیا راگرتبوو دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستمی ئێس 400ی رووسی کڕی. کاتێک لەبارەی ئەم بابەتە و پلانی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی بزوێنەری فڕۆکە بە تورکیا پرسیاری لێکرا، ترەمپ هەفتەی رابردوو گوتی، پێدەچێت کارێک بکات کە ئەردۆغان "زۆر دڵخۆش" بکات.
ئەنقەرە توانیویەتی پەیوەندییەکی هاوسەنگ رابگرێت؛ لە لایەکەوە پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ مۆسکۆ پاراستووە و لە لایەکی دیکەشەوە درۆنی تورکی بە ئۆکراینا دەفرۆشێت بۆ شەڕی دژی رووسیا.
مافی مرۆڤ و ئاستەنگە سیاسییەکان
پێش دەسپێکی لووتکەکە، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 200 کەسیان بە پاساوی ئەمنی دەستگیر کردووە، کە چالاکڤانی سیاسی، پارێزەر، مامۆستای زانکۆ و هاوڕەگەزخوازانی تێدایە. شارەزایان دەڵێن سەرکۆنەکردنی تۆماری مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پاشەکشەی کردووە، چونکە ئەوان ئێستا بۆ کڕینی چەک و رێگریکردن لە کۆچبەران چاویان لە دەستی ئەنقەرەیە.
ئەکرەم ئیمامۆغڵو، گەورەترین رکابەری سیاسیی ئەردۆغان و سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، لە ساڵی 2025وە بە تۆمەتی گەندەڵی لە زینداندایە، کە خۆی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە. ئەسڵی ئایدینتاشباش، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی برۆکینگز دەڵێت: "ئەورووپاییەکان چیدیکە گرژییان لەگەڵ تورکیا ناوێ و نایانەوێ ئەو گفتوگۆیانە بکەن؛ بۆیە مافەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یەکەم قوربانی بوون کە وەلا نران."
دوودڵیی یەکێتیی ئەورووپا
لە کاتێکدا رۆڵی سەربازیی تورکیا لە نێو ناتۆدا بەهێزتر دەبێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هێشتا ئاڵۆزن. سەرەڕای باشبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا و بەلجیکا، بەڵام پڕۆسەی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتییەکەدا وەستاوە و کێشە سنوورییەکانی لەگەڵ یۆنان توندتر بوونەتەوە.
لەم دواییانەدا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، تورکیای لە ریزی رووسیا و چین وەک رکابەرێک ناوبرد، بەڵام دواتر بەرپرسانی یەکێتییەکە پاشەکشەیان کرد و تورکیایان بە "هاوبەشێکی گرنگ" ناوبرد.
ئەمەش دەریدەخات کە یەکێتیی ئەورووپا هێشتا نەیتوانیوە پێناسەیەکی روون بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە بکات؛ تورکیا لای ئەوان لە هەمان کاتدا هەم هاوبەشە، هەم کێبڕکێکار و هەمیش هەندێک جار رکابەرە.

