رووداو دیجیتاڵ رۆژی یەکشەممە بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، جەماوەرێکی زۆر کۆمەڵگەی ئایینیی موسەڵای گەورەیان لە تاران پڕکردەوە بۆ رێوڕەسمی پرسەی خامنەیی و چوار ئەندامی خێزانەکەی کە لە 28ـی شوباتی رابردوودا کوژران. محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا، کە یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی سەردەمی دوای عەلی خامنەیی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ستایشی ئەوەی کرد کە چۆن "نەتەوەی سەربەرز و تێکنەشکاوی ئیسلامیی ئێرانی بە یەکدەنگی رێزیان لە شەهیدەکەیان گرتووە." لە رێوڕەسمەکەی رۆژی یەکشەممەدا، مستەفا، کوڕە گەورەکەی عەلی خامنەیی و دوو برا بچووکەکەی، مەسعود و مەیسەم، دەرکەوتن، بەڵام موجتەبای برایان کە ئێستا بووەتە رێبەری نوێ، لەوێ نەبوو. بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، موجتەبا لە هێرشە ئاسمانییەکەدا بریندار بووە، بەڵام چۆنیەتی برینەکەی هێشتا نادیارە و تاوەکو ئێستا تەنیا لە رێگەی راگەیێندراوی نووسراوەوە قسەی هەبووە. ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران، بۆ دووەمجار لە رێوڕەسمەکەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەرکەوت. ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسیش دەرکەوت. جەعفەر سوبحانی، مەرجەعی باڵای ئایینیی تەمەن 97 ساڵ، نوێژی مردووی لەسەر تەرمی خامنەیی کرد. بڕیارە رۆژی دووشەممە رێوڕەسمی تەرم بەڕێکردن لە تاران بەڕێوەبچێت، پاشان رۆژی سێشەممە لە شاری قوم، رۆژی چوارشەممە لە عێراق و رۆژی پێنجشەممەش بە خاکسپاردنی کۆتایی لە مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، کە زێدی خامنەییە، کۆتایی بێت. رۆژی یەکشەممە لە سەرانسەری ئێراندا بەهۆی رووداوەکەوە پشووی فەرمی بوو و جەماوەرێکی زۆر لە گەرمای بەتینی هاوین کۆببوونەوە. دەسەڵاتداران رایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکەن زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بەشداری لە رێوڕەسمەکانی تاراندا بکەن. جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی ئاگربەست و رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ ئەمریکادا راگیراوە.
ئێران05-07-2026باڵیۆزی ئێران لە چین: وڵاتانی دۆست لە باجی تەنگەی هورمزدا مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت