رووداو دیجیتاڵ
ئێران لە کاردانەوەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی فەرەنسا و بەریتانیا سەبارەت بە هاتووچۆی کەشتییەکان، هۆشداریی دا و رایگەیاند کە تەنگەی هورمز "گۆڕەپانێک نییە بۆ نمایشی سەربازیی هێزەکانی دەرەوەی ناوچەکە".
رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، کازم غەریبابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "تەنگەی هورمز گۆڕەپانێک نییە بۆ نمایشی سەربازی لەلایەن ئەو هێزانەی لە دەرەوەی ناوچەکەوە دێن."
غەریبابادی ئاماژەی بەوە کرد کە تاران "وەک هێزێکی بەرپرسیار و زامنی ئاسایشی تەنگەکە، هۆشداری دەدات لە هەر جووڵەیەکی سەربازی لەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارەدا."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: "ئاسایشی هورمز لە ئەستۆی وڵاتانی کەناراوەکاندایە و ئەوانەشی کێشە دروست دەکەن باجی سەرکێشییەکانیان دەدەن، ئەمەش هۆشدارییەکی جیددییە."
ئەم لێدوانانەی ئێران دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئامادەیی وڵاتەکانیانیان دەربڕی بۆ ناردنی "تیمێکی سەربازیی فرەنەتەوەیی بۆ پاڵپشتیکردن لە ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز."
سەرکردەی هەردوو وڵاتە ئەورووپییەکە رایانگەیاند: "تەنگەی هورمز شادەمارێکی گرنگی ئابووریی جیهانە" و پێیانوایە "گەڕاندنەوەی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییەکانی هەموو وڵاتان بەنێو تەنگەکەدا، بابەتێکە کە جێگەی بایەخپێدانێکی جیهانییە."
لە راگەیێندراوەکەی ستامەر و ماکرۆندا هاتووە: "بەریتانیا و فەرەنسا جارێکی دیکە جەخت لە پابەندبوونی هاوبەشیان دەکەنەوە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و رێزگرتن لە سەروەريی هەموو وڵاتان، هەروەها ئامادەییان نیشان دەدەن بۆ پاراستنی هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ هاوبەشەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایشی جیهان، ئازادیی کەشتیوانی و یاسای نێودەوڵەتی."
هەروەها ئەو دوو سەرکردەیە باسیان لەوە کرد کە "سوڵتاننشینی عومان رەزامەندیی داوە لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا کار بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی سنوورە ئاوە هەرێمییە سەروەرییەکانی بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان سەلامەتن."
ئەم جووڵەیەی بەریتانیا و فەرەنسا دوای ئەو پشێوییانە دێت کە لە کاتی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دروستبوون، کە بووە هۆی دروستبوونی گوشارێکی قورس لەسەر بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.



