رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات رێگری لە بەکارهێنانی ئەمریکا بکەن لە خاکەکەیان دژی تاران؛ راشیگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا لە هێرشەکانی سەر باشووری وڵاتەکە، لانیکەم 70 هاووڵاتیی سڤیل کوژران یان بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 02-09-2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، دوێنێ سێشەممە، هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەک لە پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکان چەند ناوچەیەکی لە پارێزگاکانی خوزستان، سیستان و بەلووچستان، هورمزگان و کرمانی گرتووەتەوە، ''تەنیا لە بەئامانجگرتنی ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا لە سیریکی هورمزگان، لانیکەم 70 شەهید و بریندار هەن''.
تاران بەردەوام وڵاتانی کەنداو بەوە تۆمەتبار دەکات کە هێرشەکانی ئەمریکا لە خاکی ئەوانەوە کراون؛ لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتەکەشدا داوا لەو وڵاتانە کراوە، رێگری لە بەکارهێنانی خاکەکەیان لەلایەن واشنتن دژی ئێران بکەن.
دوێنێ سێشەممە جارێکی دیکە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردەوە و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە نێو خاکی وڵاتەکە.
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی چڕیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
پێشتر سێنتکۆم لەبارەی کوژرانی خەڵک لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە سیریک رایگەیاندبوو، سوپای ئەمریکا خەڵکی سڤیل ناکاتە ئامانج.
.webp&w=3840&q=75)


