رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزیان کردووە و تەنیا شەوی رابردوو 28 کەشتییان بە سەلامەتی بە ناو ئەو رێڕەوە ستراتیژییەدا بردووەتە دەرەوە.
رۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لە پۆدکاستی ئێڵ تی دان دەربارەی جەنگی ئێران گوتی: "ئێمە ئێستا کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز دەکەین. بە تەواوی لەژێر دەستی خۆماندایە. دوێنێ شەو 28 کەشتی و بەلەممان بردە دەرەوە. ئێمە دەسەڵاتمان هەیە و ئەوان (ئێرانییەکان) هیچیان دەستناکەوێت."
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. لە 2ی ئادارەوە و وەکو کاردانەوەیەک، ئێران تەنگەی هورمزی داخست.
بە گوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بوو لە رۆژێکدا. بە گوێرەی هەمان ریکخراو، لە دوای دەستپێکی جەنگەکەوە رۆژانە بە تێکڕا کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردەکراوە.
سەرۆکی ئەمریکا زانیارییەکی هەستیاری دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران ئاشکرا کرد و گوتی، پێش دەستپێکی جەنگەکە "ئێران تەنیا دوو هەفتە دوور بوو لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترەمپ هۆشداریی تووندی دا لە لێکەوتەکانی دەستڕاگەیشتنی ئێران بەو چەکە و دەڵێت: "ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، ئیسرائیل لەناو دەچوو، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دەچوو و هێرشیان دەکردە سەر شارەکانی ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
لە کۆتایی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی تووند باسی لە سەرکردایەتیی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری ئەوەی کە ئەو هێرشانە دەلکەن ئەوەیە کە "ئەوان شێتن."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە 14ی تەممووزەوە گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران. شەوی رابردووش هەردوولا هێرشیانکردە سەر ژمارەیەک ئامانجی یەکدی.


.webp&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)