رووداو دیجیتاڵ ژمارەیەک لە میدیاکان باس لە هەبوونی هەوڵێک بۆ ''کردەوەی تیرۆریستی'' لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە رێبەری پێشووی ئێران لە تاران دەکەن، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وڵاتەکە رەتی دەکاتەوە هەوڵێکی لەو شێوەیە هەبووبێت. رۆژی هەینی، 03-07-2026، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە و شاندی باڵای وڵاتان لە تاران، یەکەم رۆژی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە تاران بەڕێوە چوو. سەرەڕای ئەوەی ئێران ئامادەکاریی چڕی بۆ پاراستنی ئاسایشی تاران کردووە، ژمارەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژمارەیەک لە میدیاکان باس لە هەبوونی ''هەوڵێکی تیرۆریستی'' لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە دەکەن. هەر زوو ئەحمەد رەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، هەواڵەکە بانگەشەیەکی ''بێبنەما''ـیە و هیچ ''هەوڵێکی تێکدەرانە و کردەوەی تیرۆریستی'' لە شوێنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە رووینەداوە. هاوکات ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران لە زاری ئەحمەد رەزا رادانەوە بڵاوی کردووەتەوە، هیچ رووداوێکی نامۆ و نەخوازراو، تەنانەت لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە رێبەری ئێرانیش بەدینەکراوە. بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە لە کاتێک دایە کە زیاتر لە چوار مانگ بەسەر کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران دا تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی جەنگی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تاوەکو ئێستا بە خاک نەسپێردراوە. بە گوتەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەرپرسانی باڵای زیاتر لە 100 وڵات بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی بانگهێشت کراون، لەوانەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
ئێران03-07-2026رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی لە موسەلای تارانەوە تاوەکو بە خاکسپاردنی لە مەشهەد
ئێران03-07-2026نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان: هیوادارین گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتن ببێتە هەوێنی ئاشتی بۆ ناوچەکە