رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک لەو کاتەی وڵاتەکەی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بە خاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆچکردووی ئێران دەکات.
عەلی عەبدوڵڵا، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی "خاتەموئەلئەنبیا" لە راگەیێندراوێکدا کە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکە بڵاویانکردەوە رایگەیاند: "هۆشداری دەدەینە دووژمنانی ئێران، بەتایبەتی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی (ئیسرائیل)، کە خۆیان لە هەر هەڵە لێکدانەوەیەک دوور بخەنەوە و بیر لەو وەڵامە تووندە بکەنەوە کە هێزە چەکدارەکانمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەیبێت."
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتدا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی کوژرا. بەگوێرەی پلانەکە، رێوڕەسمی پرسەکەی لە 4ی تەممووز لە تاران دەستپێدەکات و لە 9ی تەممووز بە ناشتنی تەرمەکەی لە شاری مەشهەد کە شوێنی لەدایکبوونیەتی کۆتایی دێت.
بڕیارە لەم ماوەیەدا رێوڕەسمی دیکە لە شاری قوم و عێراقیش بەڕێوەبچن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران وەڵامێکی "دەستبەجێ و بەهێز"ی بۆ هەر هەڕەشەیەک دەبێت لە گەل یان سەرکردایەتی وڵاتەکەی بکرێت. ئەم لێدوانەی عێراقچی دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبوو موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، "نیشانەکراوە بۆ کوشتن."
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، رێکاری ئەمنی زۆر تووند لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسەکەدا دەگیرێتەبەر. هەروەها سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێران رایگەیاندووە، لەو ماوەیەدا گەشتە ئاسمانییەکانی سەر ئاسمانی چەند شارێک، لەوانەش تاران و مەشهەد، بە شێوەیەکی کاتی سنووردار دەکرێن.




