رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای گەیشتنی بۆ تاران لە پەراوێزی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی رێبەری پێشووی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبووەوە. بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و راوەستاندنی شەڕ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان کرد.
بەیانی رۆژی هەینی، 03-07-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە كۆبوونهوهكهدا، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانيان لەگەڵ ئێران دا تاوتوێ کرد و لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بيروڕايان گۆڕییەوە، ههروهها تيشكيان خسته سهر راوهستانى شهڕ و دوایین پێشهاتەكانى ناوچهكه.
هەروەها بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هەماهەنگیی هەمەلایەنە کردەوە، بە شێوهيهك کە خزمەت بە پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بکات.
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە: سهرۆکی ههرێمی کوردستان لە پەراوێزی رێوڕەسمەکەدا، لهگهڵ ژمارهیهک له سهرکرده و بهرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دیدار و کۆبوونهوهی دهبێت.
کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران و لەلایەن هەر یەکە لە عەبدولکەریم حوسێن زادە، جێگری کوردی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان، موسا تەباتەبایی، بەرپرسی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و د. عەمار، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران پێشوازی لێکرا.
هاوکات عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ هەر یەکە لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆدەبێتەوە.


