رووداو دیجیتاڵ
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران دەڵێت، ئەمڕۆ هەینی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی لە تاران بەڕێوەدەچێت، بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبن. دەشڵێت، رێوڕەسمەکە چوار کاژێر دەخایێنێت و هیچ گوتارێکی تێدا پێشکێش ناکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026، د. عەممار سەلمان، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان لە "گەورەترین مزگەوتی ئێران" لە تارانی پایتەخت، بەڕێوەدەچێت.
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران گوتی، "لە عێراق هەریەکە لە نزار ئامێدی، سەرۆککۆمار، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، پارێزگاری کەربەلا و بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکەن."
بە گوتەی عەممار سەلمان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن.
هەروەها عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تاران بە رووداوی راگەیاند: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە بانگهێشتکراوە بۆ رێوڕەسمەکە بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی: "مەراسیمەکە سبەی هەینی، کاژێر 02:00 ی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە و رۆژی هەینی لە تاران دەبێت."
بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیانیی ئەمڕۆ دەگەنە تاران. رێوڕەسمەکە کاژێر 14:00 لە (مزگەوتی ئیمام خومەینی) لە تاران بەڕێوەدەچێت و، کاژێر 18:00 کۆتایی دێت.
لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، د. عەممار دەڵێت، تەرمی عەلی خامنەیی لەنێو مزگەوتی ئیمام خومەینی دادەنرێت، هەر بەرپرسێک بە یاوەری چەند کەسێک دەچێتە نێو مزگەوتەکە، (سوورەتی فاتیحە) لەسەر تەرمەکە دەخوێنن و دەگەڕێنەوە. بۆ هەر بەرپرسێک 10 بۆ 15 خولەک دیاریکراوە بۆ کاتی چوونە ژوورەوە و هاتنەدەرەوە لە مزگەوتەکە.
وەک کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران باسی دەکات، لەو رێوڕەسمەدا هیچ گوتارێک پێشکێش ناکرێت و ئەوەی دەکرێت تەنیا ماڵئاواییکردنە بە (سوورەتی فاتیحە) یان راوەستان لەسەر تەرمەکە بۆ ماوەی خولەکێک.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026 لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر نووسینگەکەی لە تاران لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی کوژرا.



