رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری رێبەری ئێران لە هیندستان رایگەیاند، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، ناتوانێت لە رێوڕەسمە گشتییەکانی بەخاکسپاردنی باوکیدا دەربکەوێت.
ئایەتوڵڵا حەکیم ئیلاهی، نوێنەری رێبەری ئێران لە هیندستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای هیندستان رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ناتوانن گەرەنتیی پاراستنی گیانی موجتەبا خامنەیی بکەن، بۆیە پێشبینی دەکات لە رێوڕەسمەکاندا بەشداری نەکات.
ئیلاهی ئاماژەی بەوە کرد: "هەفتەی رابردوو لە ئێران بووم و چاوم بە هەندێک لە هاوڕێیانی [موجتەبا خامنەیی] کەوت؛ ئەوان گوتیان ئەو دەیەوێت بێتە ناو خەڵک و بەشداری بکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی رێگەی پێنادەن و دەڵێن دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و ناتوانن پارێزگاریی لێ بکەن."
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا؛ ئەمەش وەک یەکەم هێرشی ئەو دوو وڵاتە لە سەرەتای شەڕەکەدا ئەژمار دەکرێت. ئێستا ئێران خۆی بۆ رێوڕەسمێکی هەفتەیی ئامادە دەکات کە بڕیارە لە تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەبچێت و چەند رێوڕەسمێکی هاوشێوەش لە عێراق ئەنجام دەدرێن.
لەلایەکی دیکەوە، هیندستان شاندێکی فەرمیی رەوانەی تاران کردووە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا. سەلمان خورشید، وەزیری پێشووی دەرەوەی هیندستان، بە نوێنەرایەتی پارتی کۆنگرێس و بە نامەیەکی سەرەخۆشیی مەڵیکارۆجۆن خارگی سەرۆکی پارتەکە، گەیشتە تاران.
سەلمان خورشید سەبارەت بە سەردانەکەی گوتی: "ئەمە ئەرکێکی مرۆیی و دیپلۆماسییە؛ ئێران لە رابردوودا و لە کاتی تەنگانە و کێشەکانمان لەگەڵ پاکستان، هەمیشە پشتیوانی لە هیندستان کردووە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە لەم کاتەدا هاوسۆزیی خۆمانیان بۆ دەرببڕین."
کۆچی دوایی عەلی خامنەیی وەک گرنگترین و هەستیارترین وەرچەرخان لە مێژووی 47 ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دادەنرێت؛ چونکە ئەو بۆ ماوەی چەندین دەیە گەورەترین دەسەڵاتی سیاسی و ئایینیی وڵاتەکە بوو.



.png&w=3840&q=75)