رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە کە بڕیارە سبەی سێشەممە لە قەتەر بەڕێوەبچێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشتر تاران رەتیکردبووەوە هیچ گفتوگۆیەکی تەکنیکی بۆ ئەم هەفتەیە بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 29-06-2026 لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) نووسی، "ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە، سبەی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت،" بەبێ ئەوەی ناوی بەشداربووان بنووسێت.
دواتر کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ، "لەم هەفتەیەدا بۆ کۆبوونەوەی ئاست بەرز دەچنە دەوحە."
دیپلۆماتێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستیکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بڕیارە لە پایتەختی قەتەر کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو رێککەوتنەی سەرەتای ئەم مانگە واژۆ کراوە.
سەرچاوەکە گوتی، "بڕیارە تیمە تەکنیکییەکان لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە رۆژانی داهاتوودا لە دەوحە کۆببنەوە."
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، دانوستاندنەکان بەردەوام دەبن و "هەردوولا بۆ ئێستا پاشەکشە دەکەن و کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و دەوروبەریدا دەتوانن بە ئازادی بجووڵێنەوە."
ئەم پێشڤەچوونە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت، ئێران یەکەم گفتوگۆی هاوبەشی خۆی لەگەڵ عومان لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز کرد.
کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "لە گەشتێکدا بۆ مەسقەت، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی هورمز بەڕێوەچوو. لە کاتی پێداچوونەوە بە پرسەکانی ئێستای پەیوەست بە تەنگەکە، بیروڕامان لەسەر بەڕێوەبردنی داهاتوو گۆڕییەوە."
رۆژی یەکشەممە سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر 10 ئامانجی سەربازیی ئێران، بە پاساوی ئەوەی "ئێران بەردەوامە لە دەستدرێژی دژی کەشتیوانیی بازرگانی" دواتر ئێران بە بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن وەڵامی هێرشەکەی دایەوە.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئێران و عومان ناتوانن رێگری لە تێپەڕبوون بکەن یان باج بسەپێنن، بەڵام ئێران رۆژی یەکشەممە هۆشداریدابوو، هەر هەوڵێکی کەشتییەکان بۆ لادان لەو رێڕۆیەی تاران دەیەوێت (رێگەیەکی نزیک لە کەناراوەکانی ئێران لە بری عومان)، گرژییەکان زیاد دەکات.
بەپێی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، ئێران لەگەڵ عومان و دەوڵەتانی کەنداودا شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەکە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا دیاری دەکات. بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، رێکاری تووند بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ لە تەنگەکەدا دەگرنەبەر و رووبەڕووی سەرپێچیکاران دەبنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


