رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەمازۆن بە فەرمی رایگەیاند، چەندین داتاسەنتەری گەورەی لە ئیمارات و بەحرێن بە جۆرێک تێکچوون کە ناتوانێت کارایان بکاتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا بەهۆی هێرشی درۆنەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتب.
کێشەکە چییە؟
بەشی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و کلاودی ئەمازۆن (AWS)، کە گەورەترین تۆڕی هەڵگرتنی زانیارییە لە جیهاندا، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا دەڵێت: "دوای پشکنین و هەڵسەنگاندنێکی ورد، بۆمان دەرکەوت کە ناتوانین سەرچاوە و ئەو داتایانە بگەڕێنینەوە کە تەنیا لەم ناوچانەدا پارێزرابوون."
ئەمەش واتا هەر زانیاری و داتایەکی کۆمپانیا و بەکارهێنەران کە کۆپییەکی دیکەی لە شوێنێکی دیکەی جیهاندا هەڵنەگیرابێت، بە تەواوی لەدەستچووە و ناتوانرێت دەستی پێبگاتەوە.
هێرشەکان کەی روویاندا؟
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دوو داتاسەنتەری ئەمازۆن لە ئیمارات و بنکەیەکی دیکە لە بەحرێن کەوتنە بەر هێرشی درۆن. ئەم هێرشانە چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران روویاندا، کە ئەوکات ئەمازۆن گوتی، رووداوەکان بەشێکن لە لێکەوتەی ململانێ و شەڕی بەردەوامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بۆچی ئەم سەنتەرانە گرنگن؟
خزمەتگوزارییەکانی ئەمازۆن (AWS) هاوشانی کۆمپانیاکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفت، شادەماری سەرەکیی کارکردنی بەشێکی زۆری ماڵپەڕ، ئەپڵیکەیشن و تەنانەت سیستمەکانی ژیریی دەستکردن لە سەرانسەری جیهاندا و کاتێک ئەم سەنتەرانە لەکاردەکەون، کۆمپانیا و ماڵپەڕەکان پەکیان دەکەوێت.
چارەنووسی داتاکان چی دەبێت؟
•لە ئیمارات: کۆمپانیاکە دەڵێت زۆربەی بەشداربووان توانیویانە لە رێگەی کۆپییە هەڵگیراوەکانیان (Backup) لە شوێنەکانی دیکەی جیهانەوە کارەکانیان رێکبخەنەوە، بەڵام کارکردن بۆ چاککردنەوەی دوو بنکە لەو وڵاتە هێشتا بەردەوامە.
•لە بەحرێن: دۆخەکە خراپترە؛ ئەمازۆن دەڵێت لە بەحرێن "هەموو رێگەیەکیان تاقیکردووەتەوە"، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو داتایانە بگەڕێننەوە کە پێش لەکارکەوتنی سەنتەرەکان نەگوازرابوونەوە بۆ شوێنی دیکە.



