رووداو دیجیتاڵ
گرووپی ئەنساروڵڵای حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی، بە دەیان مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشیانکردووەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ و بنکەیەکی ئاسمانی لە قووڵایی خاکی سعودیە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، سوپای سعودیە لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 450 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان لە یەمەن؛ بۆیە لە بەرامبەردا دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەیان کردووە.
بەگوتەی سەریع، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا، دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە ناوچەی یەنبەع بە دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر و وێرانکاری کەوتووەتەوە.
لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا، بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیت بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی کراوەتە ئامانج و پێکانەکان "راستەوخۆ و ورد بوون."
گوتەبێژەکەی حووسییەکان هۆشداریدا لەوەی هێزەکانیان درێژە بە هێرشەکانیان لەناو خاکی سعودیە دەدەن تاوەکو ئەو کاتەی "هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ" دەچەسپێنن و گەمارۆی سەر وڵاتەکەیان هەڵدەگیرێت.
ئەم هێرشانەی حووسییەکان لە کاتێکدان لە 3ـی ئەیلوولەوە گرووپەکە هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی نوێ دەستپێکردووە، هاوکات لە 29ـی تەممووزیشەوە هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکانی سعودیەیان بە تەنگەی بابلمەندەبدا قەدەخە کردووە.
جەنگی نێوخۆی یەمەن کە لە ساڵی 2014ـەوە بە دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت لەلایەن حووسییەکانەوە دەستیپێکرد، دوای هێوربوونەوەیەکی کاتی لە ساڵی 2022، لە تەممووزی ئەمساڵەوە بە سەختی سەریهەڵدایەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس لە پێکدادانەکاندا کوژراون.



