رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکان دەڵێن، هێزی ئاسمانیی سعودیە لە 24 کاژێری رابردوودا 26 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجامداوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانی تووند لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن ریازەوە پاڵپشتی دەکرێن.
ئەمڕۆ هەینی 18-09-2026، حووسییەکان بڵاویانکردەوە، لە یەک هەفتەی رابردوودا ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە بۆ سەر پێگەکانیان گەیشتووەتە 300 هێرش، کە چەندین ناوچەی جیاوازی یەمەنیان کردووەتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا هێرشەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ چڕبوونەتەوە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی حکومەتی یەمەن، بەبێ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی حووسییەکان، لەوانەش سەنعای پایتەخت.
رۆژی 3ی ئەیلوول، حووسییەکان هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دانپێداندراوی نێودەوڵەتی لە یەمەن زیاتر کرد و دوو رۆژ دواتر شاری موخەیان لەسەر تەنگەی بابول مەندەب کۆنترۆڵکرد. لەو کاتەوە بە گوێرەی یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان، ژمارەیەک بنکەی سەربازی، ژێرخانی وزە و دامەزراوەی دیکەی سعودیەیان لە باشووری وڵاتەکە بەئامانج گرتووە.
لە 2ی تەممووزەوە حووسییەکان سیاسەتی گەمارۆ بەرامبەر بە گەمارۆیان بەرامبەر سعودیە پەیڕەو دەکەن و دەڵێن، رێگە بە تێپەڕینی کەشتییەکانی ریاز بەو تەنگەیەدا نادەن تاوەکو ئەوان ئەو گەمارۆ دەریایی، وشکانی و ئاسمانییە هەڵنەگرن کە لە ساڵی 2015ەوە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپاندوویانە.
نەتەوە یەکگرتووەکان: شەڕ لە یەمەن زیاتر لە 110 هەزار کەسی ئاوارە کردووە
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، دەستپێکردنەوەی شەڕ لە یەمەن لە دوو هەفتەی رابردوودا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 110 هەزار کەس لە وڵاتەکەدا، هەروەها نزیکەی 3 هەزار کەسی دیکەش لە رێگەی دەریاوە بە بەلەم بەرەو وڵاتی جیبۆتی هەڵاتوون.
عەبدوسەتار ئێسۆێڤ، بەرپرسی لقی یەمەنی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە شاری عەدەنەوە ئەمڕۆ هەینی بە رۆژنامەڤانانی گوت کە لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووەتەوە، رێکخراوەکەیان ئاوارەبوونی زیاتر لە 110 هەزار کەسی لە یەمەندا تۆمارکردووە.
شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی 2014دا دەستیپێکرد، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت و حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییان وەدەرنا. دواتر لە نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو ساڵی 2022 کە ئاگربەست بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندرا، ئەو گرووپە رووبەڕووی هاوپەیمانێتییەکی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بووەوە. جەنگەکە بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو، تاوەکو لە مانگی تەممووزی رابردوودا جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە.
چۆن جەنگەکە دەستیپێکردەوە؟
سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە مانگی تەممووزدا دوای ئەوە هات کە حووسییەکان رێگەیان دا فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی سەنعا بنیشێتەوە. لە وەڵامدا، هێزەکانی سەر بە حکومەت هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا، کە حووسییەکان سعودیەیان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.
بەمەش یەمەن بووە نوێترین وڵات کە چووە نێو جەنگە فراوانەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی (نیووز نەیشن)ی راگەیاند: "لەگەڵ حووسییەکان قسە دەکەین و ئەوان دەیانەوێ بزانن ئایا دەتوانین رێککەوتنێک بکەین".



