رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا کە سەرپەرشتی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکات سەبارەت بە جووڵەکانی ئیسرائیل دژ بە ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت پێش بە رژێمی زایۆنی بگرێت و کۆنترۆڵی بکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ جۆرە هەڕەشەیەک دژ بە خۆی قبووڵ ناکات."
رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک، لەبارەی جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هۆشداری دا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "جووڵە و ئامادەبوونی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تێرۆریستی رژێمی زایۆنی لە ئاسمانی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ بە لای ئێراندا، بە کارێکی مەترسیدار و هەڕەشە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنێین."
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە پاڵ هۆشدارییەکی تووند بۆ ئەمریکا، رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت پێش بە رژێمی زایۆنی بگرێت و کۆنتڕۆڵی بکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوپۆشی لە بچووکترین هەڕەشە دژ بە خۆی ناکات و وەڵامدانەوەی ئەم پێشێلکارییە مەترسیدارانە بە مافی خۆی دەزانێت."


