رووداو دیجتیاڵ
عومان دواخستنی ئەو کۆبوونەوەیەی راگەیاند کە بڕیاربوو رۆژی دووشەممە لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە تەنگەی هورمز بەڕێوەبچێت.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "لەپێناو گەیشتن بە سازان، ئەو کۆبوونەوە هەرێمییەی کە بڕیاربوو سبەی لە شاری سەڵالە بەڕێوەبچێت دواخرا. ئێمە پابەندین بە برەودان بە گفتوگۆیەک کە پشتیوانی لە سەقامگیری و هاوکاریی بەردەوام لە ناوچەکەماندا دەکات."
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عومانیش دەڵێت: "بڕیاردرا بە دواخستنی ئەو کۆبوونەوە هەرێمییەی کە بڕیاربوو رۆژی دووشەممە لە شاری سەلالە بەڕێوەبچێت بۆ کاتێکی دیکە، ئەوەش بە مەبەستی رەخساندنی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ دیالۆگێکی بنیاتنەر."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو، "بە لایەوە گرنگ نییە" ئەگەر ئێران و وڵاتانی کەنداو کۆببنەوە یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئایرلاند، کاتێک لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە لەبارەی کۆبوونەوەی پلانبۆدانراوی رۆژی دووشەممەی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو لە عومان پرسیاری لێکرا، گوتی: "گرنگ نییە بە لامەوە. ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە."
میدیای فەرمیی ئێران باسی لەوە کردبوو، ئامانج لە کۆبوونەوەکە "بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان" بووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
باسوخواسی ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە ئێران و ئەمریکا لەسەر تەنگەی هورمز لە ناکۆکی و ململانێدان، کە پێگەیەکی یەکلاکەرەوەی بۆ بازرگانیی جیهانیی نەوت و گاز هەیە.
پێش ئەوەی دوابخرێت، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئەم کۆبوونەوەیە "یەکەمین هەنگاو دەبێت بەرەو داڕشتنی چوارچێوەیەکی هەرێمی بۆ هاوکاریی ئەمنی" لە کەنداودا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە ئاژانسی ئیسنا بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوە کردبوو، ئەو کۆبوونەوەیە "وەک بەردی بناخەیەکی بنەڕەتی دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش."
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە و دوای ئەوەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا رێبەری باڵای ئەو وڵاتە کوژرا، ئێران لە جەنگدایە. تاران بە زنجیرەیەک هێرش لە سەرتاسەری ناوچەکە و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر تەنگەی هورمزدا وەڵامی دایەوە، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی سەرجەم نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
تاران هەوڵدەدات دەسەڵات و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەدا بە فەرمی بکات، لەنێویاندا ئەگەری سەپاندنی باج بەسەر هاتووچۆی کەشتییەکاندا؛ هەروەها لە دانوستاندندایە لەگەڵ مەسقەت، کە ئاوە هەرێمییەکانی ئەویش بەشێک لە تەنگەی هورمز لەخۆدەگرن.
پێش هەڵگیرسانی جەنگ، تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی کراوە و بێبەرامبەر لەلایەن کەشتییەکانی جیهانەوە بەکاردەهێنرا.

