رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی هێرشە بەردەوامەکانیەوە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی سووریا دەدات.
رۆژی یەکشەممە 13-09-2026 فیدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سوورییەکەی رایگەیاند: "رێک لەو کاتەی سووریا هیوا بە ناوچەکە و جیهان دەبەخشێت، لەپڕ لایەنێک پەیدا دەبێت کە هەوڵ بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکە دەدات، ئێوەش ناوی ئەو لایەنە دەزانن، کە ئیسرائیلە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سیاسەتانەی ئیسرائیل پەیڕەویان دەکات، مەترسیدارترین کۆسپن لەبەردەم ئەم رێڕۆ ئەرێنییەدا، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهوریش یەکێکە لە دوایین نموونەکان.
مانگی رابردوو، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهوری لە باکووری رۆژئاوای سووریا بۆردوومان کرد، بەو پاساوەی گوایە دەیەوێت رێگری لە جێگیربوونی سەربازانی تورکیا لەو بنکەیەدا بکات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە هیچ سەردانێکیان بۆ ئەو شوێنە کردبێت.
لە بەرامبەردا، ئەسعەد شەیبانی گوتی، ئەو هێرشەی ئیسرائیل "پەیامێکی وێرانکەری گەیاند بە مەبەستی لاوازکردنی پرۆسەی بنیادنانەوەی دەوڵەتی سووریا" و "هیچ پاساوێکی رەوا یان یاسایی نییە،" بەڵام گوتی، ئەم هێرشانە "کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا دروست ناکەن."
شەیبانی هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل بە "پتەو و نەگۆڕ" وەسف کرد و پێداگریی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل کرد لەو ناوچانەی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد کۆنتڕۆڵی کردوون. هەروەها گوتی سووریا پابەندی دیپلۆماسییە، چونکە لە لێکەوتەکانی جەنگ تێدەگات.
ئیسرائیل لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر دەستی هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریا کە تورکیا پشتگیریی دەکات، سەدان هێرشی لەناو خاکی سووریادا کردووە.
ئیسرائیل هێزەکانی بردووەتە ناوچەی دابڕێنەری نێوان هێزەکانی سووریا و ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کە پێشتر لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، هاوکات بەرپرسانی ئیسرائیلیش رایانگەیاندووە نیازیان هەیە هێزەکانیان لەناو سووریادا بهێڵنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، هاکان فیدان رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی سووریا بکات، بەڵام وادەی سەردانەکەی دیاری نەکرد.

