رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی حووسی لە یەمەن، نزیکەی 86 هەزار کەس ئاوارە بوون؛ بەجۆرێک تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا ژمارەی ئاوارەکان 10 هەزار کەس زیادی کردووە.
ئەم شەپۆلە فراوانەی ئاوارەبوونە دوای هێرشێکی یەک هەفتەیی حووسییەکان هات کە تێیدا دەستیان بەسەر تەواوی کەناراوەکانی دەریای سوور لە یەمەن و چەندین دوورگەی ستراتیژیدا گرت، بەمەش دەسەڵات و هەژموونی خۆیان بەسەر تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەبدا پتەوتر کرد.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ژمارەی ئاوارەکان لە یەمەن، کە هەژارترین وڵاتی عەرەبییە، گەیشتووەتە 85 هەزار و 818 کەس." ئەم ئامارەش تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکە ژمارەی ئاوارەکانی لە مانگی تەممووزەوە بە 76 هەزار کەس دیاری کردبوو.
ئەم ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زیاتر لە 82 هەزار لەو ئاوارانە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن، کاتێک حووسییەکان، کە ساڵانێکە دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری باکووری یەمەندا گرتووە، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر هێزەکانی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودیە پشتیوانی دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، زۆربەی ئەو کەسانە لە ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا و پارێزگای تەعز ئاوارە بوون. تەعز زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کە تەنیا لە ناوچەکانی ئەو پارێزگایەدا نزیکەی نۆ هەزار و 280 خێزان کە دەکاتە نزیکەی 56 هەزار کەس، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
رێکخراوەکە راشیگەیاندووە، بەشێک لە ئاوارەکان دەستیان کردووە بە هەڵاتن لە خاکی یەمەن و زیاتر لە دوو هەزار کەس لە رێگەی دەریاوە خۆیان گەیاندووەتە جیبۆتی. بەرپرسانی رێکخراوەکەش بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، یەکەمین کاروانی پەنابەرەکان ئێوارەی پێنجشەممە گەیشتوونەتە جیبۆتی.
جیبۆتی دەکەوێتە بەری بەرامبەری یەمەن لە تەنگەی بابولمەندەب؛ ئەو تەنگەیەی کە دوای سەپاندنی گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە دەستپێکی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بووەتە شادەماری سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعودیە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ روونیکردەوە، ئەو کەسانەی گەیشتوونەتە جیبۆتی – کە زۆربەیان ژن و منداڵن – بۆ ناوچەی ئۆبۆک گوێزراونەتەوە و هاوکاریی بەپەلەیان پێشكێش دەکرێت. هاوکات رێکخراوەکە هۆشداری دا لەوەی کە "لەگەڵ تووندبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکاندا، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زیاتری خەڵک هەڵبێن."
ئەیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە پشت هەر ژمارەیەکەوە خێزانێک هەیە کە هەموو شتێکی لەدەستداوە. زۆربەیان چەندین جار ئاوارە بوونەتەوە. خەڵک بێ هەبوونی هیچ پێداویستییەک بە نێو دەریادا دەپەڕنەوە لەبەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەماوە."
پۆپ باسی لەوەش کرد کە یەمەن "وڵاتێکە بەهۆی هەژاری و ململانێوە شەکەت بووە و ناتوانێت بە تەنیا بەرگەی ئەم قەیرانە بگرێت."
بەرپرسەکە داوای لە وڵاتانی بەخشەر کرد دەستبەجێ هاوکارییەکانیان زیاد بکەن، بۆ ئەو پەنابەرانەی دەگەنە جیبۆتی و بۆ دانیشتووانی ناوچەی ئۆبۆک کە پێشوازی لە ئاوارەکان دەکەن.


