رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئیسرائیل پێویستی بەوەیە لە "پاشکۆیەتیی سەربازی" بۆ ئەمریکا رزگاری بێت و دەست بە پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی چەک بکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی.
لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەفسەرانی یەدەگی سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (گوش عێتزیۆن) لە کەرتی رۆژئاوا، نەتەنیاهوو گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئایندەی سەربازیی وڵاتەکەی.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "من زۆر سوپاسی ئەو پاڵپشتییە دەکەم کە لە دۆستە ئەمریکییەکانمانەوە پێمان گەیشتووە، بەڵام ئەمڕۆ دەڵێم: ئێمە پێویستمان بە سیستمێکی سەربەخۆی بەرهەمهێنانی چەک هەیە. دەبێت خۆمان تەقەمەنییەکانی خۆمان دروست بکەین."
"رزگاربوون لە پشتبەستن بە ئەمریکا"
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد ئیسرائیل ئێستا لە شەڕێکی گەورەدایە دژی ئێران و بریکارەکانی، کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە. گوتیشی: "ئەو شوێنەی لە 30 ساڵی داهاتوودا تێیدا دەبین، بەندە بە هێزی خۆمانەوە. دەبێت خۆمان لە پشتبەستن بە ئەمریکا رزگار بکەین، هێزی زیاتر بنیاد بنێین و تەکنەلۆژیای زیاتر بخەینە گەڕ."
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتن بە قۆناخێکی هەستیار تێدەپەڕن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل لە گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران پەراوێز خرا.
کاردانەوەی واشنتن و مەرجەکانی ترەمپ
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا و ئێران لە سویسرا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەبێ ئەوەی ئیسرائیل بەشێک بێت لەو رێککەوتنە. یەکێک لە مەرجەکانی تاران ئەوەیە کە دەبێت ئیسرائیل هێزەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام تەلئەڤیڤ رەتیدەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی مەترسیی حیزبوڵڵا بەتەواوی نامێنێت.
کاتێک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان پرسی ئایا دەتوانێت "کۆنترۆڵی ئیسرائیل بکات" بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر لوبنان؟ لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، ئەوان رێزێکی زۆریان بۆم هەیە و ئەوە دەکەن کە من دەیڵێم."
هۆشدارییەکەی جەی دی ڤانس
لە بەرامبەر رەخنەی وەزیرە تووندڕەوەکانی کابینەکەی نەتەنیاهوو لە رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە بیری ئیسرائیلییەکانی هێنایەوە کە زۆربەی چەکەکانیان بە پارەی باجدەرانی ئەمریکی کڕدراون.
ڤانس گوتی: "ئەگەر من ئەندامێکی کابینەی حکومەتی ئیسرائیل بوومایە، هێرشم نەدەکردە سەر تاقە هاوپەیمانە بەهێزەکەم کە لە هەموو جیهاندا بۆم ماوەتەوە."


