رووداو دیجیتاڵ
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ بژارەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە کشانەوەی بێ مەرج لە لوبنان. هەروەها هەموو جۆرە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رەتکردەوە.
رۆژی هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بە بۆنەی رۆژی عاشووراوە، رایگەیاند، "ئیسرائیل هیچ رێگەیەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە. جگە لە کشانەوەی تەواوەتی لە هەموو بستێکی خاکی لوبنان.. دەبێ ئیسرائیل بەبێ مەرج بڕوات."
ئەم لێدوانانەی قاسم لە کاتێکدا کە بەرپرسانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن لەگەڕی پینجەمی گفتوگۆکان سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رژد بوو لەسەر ئەوەی گرووپەکەیان هیچ جۆرە سازشێک قبووڵ ناکات.
قاسم پێیوایە کە ئیسرائیل دەبێ وەک لایەنێکی دۆڕاو لە وڵاتەکە بچێتە دەرەوە و گوتی: "ئەوەش رێک ئەو شتەیە کە روودەدات."
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئازاری 2026ـەوە دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی حیزبوڵلا رایگەیاند لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل. شەڕەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4100 کەس لە لوبنان.


