رووداو دیجیتاڵ
شێخی ئەزهەر بانگهێشتنامەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەردانیکردنی هەولێر پەسند کرد و رایگەیاند، مێژووی کورد پڕە لە خزمەت بە ئیسلام و مرۆڤایەتی.
رۆژی سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە میسرە و بۆ چەند کارێکی پەیوەست بە بابەتە ئایینییەکان سەردانی شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەری کرد. شێخی ئەزهەر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانەوە بانگهێشتی هەرێمی کوردستان کرا".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "تاکە پەیمانگەی ئەزهەر لەسەر ئاستی عێراق لە هەرێمی کوردستانە کە ساڵی 2008 دامەزراوە. وەزیری ئەوقاف لە کۆبوونەوەکانیدا بابەتی دروستکردنی گەورەترین مزگەوتی لە هەرێمی کوردستان باسکرد؛ هەروەها باسی لە گرنگیدان بە خوێندنی ئایینی، بەتایبەتی لە پەیمانگەی ئەزهەر و چەندین بابەتی دیکە کرد."
هەر لەم بارەیەوە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمڕۆ لە قاهیرە د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەلایەن شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەرەوە پێشوازی لێکرا. لە دیدارەکەدا شێخی ئەزهەر بە رێزەوە سەیری مێژووی گەلی کوردی کرد و رۆڵی زانایانی ئایینی و خەڵکی کوردستانی لە خزمەتکردن بە ئیسلام و مرۆڤایەتی و چەسپاندنی چەمکی پێکەوەژیان بەرز نرخاند.
وەزیری ئەوقاف بەناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانەوە شێخی ئەزهەری بانگهێشت کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد و رایگەیاند: "لە دەرفەتێکی گونجاودا بە شانازییەوە سەردانی کوردستان دەکەم."
شێخ ئەزهەر سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد بۆ بنیادنانی باڵەخانەیەکی هاوچەرخ بۆ (پەیمانگای ئەزهەر) لە شاری هەولێر، کە لە ماوەی رابردوودا بەردی بناخەکەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دانرا؛ هەروەها لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی مەشێخەی ئەزهەر بە گرنگییەکی تایبەتەوە باسیان لە دروستکردنی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) لە شاری هەولێر کرد.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیری ئەوقاف پەرتووکی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستانی پێشکێش بە شێخی ئەزهەر کرد و لە بەرامبەریشدا شێخ ئەزهەر قەڵخانی رێزلێنانی مەشێخەی ئەزهەری پێشکێش بە وەزیر کرد.




.jpg&w=3840&q=75)