رووداو دیجیتاڵ
خولی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کە بڕیاربوو لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، بۆ مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو دواخرا.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هەرچەندە دانوستاندنەکانی رۆما لە کاتی خۆیدا بەڕێوەناچن، بەڵام باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان هەفتەی داهاتوو لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن کۆدەبنەوە بۆ "تاوتوێکردنی پێشهاتەکان و بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی" ئەو رێککەوتنە چوارچێوەییەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا واژۆ کرابوو.
رێککەوتنە دیپلۆماسییەکە، کە بە "چوارچێوەی سێقۆڵی" ناسراوە، لەسەر بنەمای چەککردنی حیزبوڵڵا، کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و جێگیرکردنی هێزەکانی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان داڕێژراوە، کە دەستپێکەکەی لە چەند ناوچەیەکی تاقیکاریدا دەبێت. بەرپرسە ئەمریکییەکە دووپاتیکردەوە، ئەم رێککەوتنە "وەک تاکە میکانیزمی گونجاو دەمێنێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی لوبنان و مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئامادەکاریی کۆبوونەوەکان بە فرانس پرێسی راگەیاندووەن هۆکاری دواخستنی دانوستاندنەکانی رۆما پەیوەندیی بە بەریەککەوتنی کاتەکانی ئامادەبوونی بەرپرسانی سەرەکییەوە هەیە، لەوانە: ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشووی جەژنەکانى جوو و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی پاریس بۆ پشتیوانیکردنی سوپای لوبنان.
پەرەسەندنی سەربازی و تەقینەوەکەی باشووری لوبنان
دواخستنی دانوستاندنەکان لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئاستی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە دوای ئاگربەست و لێکتێگەیشتنەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوو هێوربوونەوەیەکی کاتی لە ناوچەکەدا هاتبووە کایەوە، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتدا بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران سنوورەکانی لوبنانیش تێوەگلا بوون.
تەنیا یەک رۆژ پێش راگەیاندنی دواخستنی کۆبوونەوەکە، سوپای ئیسرائیل تۆڕێکی گەورەی تونێلەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان تەقاندەوە. دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، گوڕی تەقینەوە بەهێزەکە لە رووی زەویناسییەوە هاوتای بوومەلەرزەیەکی بەهێزی 4.1 پلەی رێختەر بووە و شەپۆلەکانی لە چەندین ناوچەی دەوروبەر هەستی پێکراوە.


