رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، پێش ئەوەی ئێران لە مانگی تەممووزی رابردوودا هێرش بکاتە سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە ئوردن و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی بکوژرێن، تاران لە رێگەی کۆمپانیاکانی چینەوە وێنەی مانگی دەستکردی زۆر وردی ئەو بنکەیەی دەستکەوتووە.
بەپێی گوتەى ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی قسەیان بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە، ئەو زانیاریانەى دەستیان کەوتووە روونترین بەڵگەیە کە دەریدەخات پشتیوانییەکانی چین بۆ ئێران لەکاتی جەنگدا زیانی کوشندەی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا هەبووە، بەو پێیەی واشنتن پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەنێوان ئەو وێنانەی مانگە دەستکردەکان و هێرشە مووشەکییەکاندا دۆزیوەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ناوی ئەو کۆمپانیا چینییانەیان ئاشکرا نەکرد کە وێنەکانیان بە تاران داوە، هەروەها باسیان لەوەش نەکرد کە دەسەڵاتدارانی بەیجینگ راستەوخۆ دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت؛ بەڵام تاران چەندین وێنەی زۆر وردی ئەو بنکەیەی پێش هێرشەکە و دوای هێرشەکەش بەدەستهێناوە.
هێرشەکەی 17ی تەممووز و کوژرانی سێ سەرباز
لە هێرشەکەی 17ی تەممووزدا، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بە وردی پێگەی حەوانەوەی سەربازانی ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن پێکا. لە ئەنجامدا، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون، بە فڕۆکەش بۆ چارەسەر گوازرانەوە. هەروەها ئێران هێرشی کردە سەر فڕۆکە جەنگی و درۆنەکانی نێو بنکەکە.
ئەمە یەکەم رووداوی کوژرانی سەربازانی ئەمریکی بوو دوای ئاگربەستەکەی مانگی نیسان، کە ئاستی پێشکەوتووی توانای تارانی لە پێکانی ئامانجە سەربازییەکاندا نیشاندا، سەرەڕای ئەوەی بنکەکە بە سیستمی بەرگریی بەهێز پارێزرابوو. سێ رۆژ دوای هێرشەکەش، ئێران وێنەی زۆر وردی سێ ناوچەی زیانلێکەوتووی بنکەکەی بڵاوکردەوە، کە لێکۆڵینەوەکانی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) دەریانخست زیان بەر زیاتر لە 20 باڵەخانە و پێگە کەوتووە.
ئەم زانیارییانە دەبنە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەیجینگ، بەتایبەت کە بڕیارە لە 24ی ئەیلوولدا لووتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەڕێوەبچێت.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، نیگەرانیی خۆیان لەسەر ئەو وێنانەی مانگە دەستکردەکان گەیاندووەتە هاوتا چینییەکانیان، بەڵام بەیجینگ هەموو ئەو زانیارییانەی رەتکردووەتەوە و داوای بەڵگەی کردووە. لیو چانگ، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن لەم بارەیەوە رایگەیاند، رەخنەگران دەیانەوێت شەڕەکە بقۆزنەوە بۆ ناشرینکردنی وڵاتانی دیکە. گوتیشی، هاوکارییەکانی چین لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بووە.
لە مانگی ئایاری رابردووشدا، ئیدارەی ترەمپ سزای بەسەر سێ کۆمپانیای مانگە دەستکردەکانی چین دا سەپاند (مایزار ڤیژن، ئێرث ئای، و چانگ گوانگ) بە تۆمەتی پێدانی وێنە بە ئێران، کە مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا دروستدەکات؛ بەڵام ترەمپ داوای لە تیمەکەی کردووە خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەیجینگ بپارێزن تاوەکو رێگری لە سەرکەوتنی لووتکەکەی 24ی ئەیلوول نەکرێت. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین بە رۆژنامەڤانانی گوت، هیچ شتێک کە چین کردوویەتی ئاراستەی شەڕەکەی نەگۆڕیوە.
جگە لە وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئێران سیستمی رێنوێنی و کەلوپەلی دروستکردنی درۆن و مووشەک لە کۆمپانیا چینییەکان وەردەگرێت. بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی بەیجینگ زانیاریی بۆ چاودێریکردنی کەشتییە جەنگی و فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکاش دابین بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا چەند مووشەکێکی بالیستیی ئێران زۆر بە نزیکی کەشتیگەلی ئەمریکادا لە ناوچەکە تێپەڕین. کۆنگرێسی ئەمریکاش لە رێگەی لیژنەی هەواڵگرییەوە لە وردەکاریی هاوکارییە تەکنیکییەکانی چین و رووسیا بۆ ئێران ئاگادار کراوەتەوە.


