رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، بە چەندین فڕۆکە، چاودێری جێبەجیکردنی گەمارۆکانی وڵاتەکەیان لەسەر بەندەرەکانی ئێران دەکەن.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، چەندین فڕۆکەیان لەوانە "هێلیکۆپتەری ئێم ئێچ سی هۆک 60 ئاڕ لەسەر کەشتی یو ئێس ئێس بۆکسەر دەنیشنەوە دوای ئەوەی بەردەوام چاودێری جێبەجێکردنی گەمارۆی" سەر بەندەرەکانی ئێران دەکەن.
لە 14ی تەممووزەوە، ئەمریکا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، "تاوەکو 11ی ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 99 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە تاوەکو دڵنیاببنەوە لە پابەندبوونی تەواوەتییان" بەو گەمارۆیەی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوویانە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست.
رۆژی دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار.
بەرپرسانی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز بە پێش مەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکەیان بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دادەنێن. ئێرانیش هەڵگرتنی گەمارۆکە بە مەرجی کردنەوەی تەنگەکە دادەنێت.
ئەمەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندایە. بەرپرسانی ئێرانیش لە وەڵامدا گوتویانە، تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵی وڵاتەکەیاندایە.


